پسپۆڕێکی وردی کۆرپەلەزانی و منداڵی بلووری لە کەرکووک داوا لە کوڕان و کچان دەکات پێش ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری، پشکنینی توانای زایەندی (هێلکە و سپێرم) ئەنجامبدەن بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی خۆیان و خۆپاراستن لە کێشە دوای هاوسەرگیری.
د. تارا حەمید زەنگەنە، پسپۆڕی وردی کۆرپەلەزانی و منداڵی بلووری (IVF) قسەی بۆ یەکێک لە میدیا کوردییەکان کردووە و ئاماژەی بە زیادبوونی حاڵەتەکانی کەمیی هێلکە و سپێرم لەنێو گەنجاندا کردووە و بە هۆکارێکی سەرەکی نەزۆکی دادەنێت.
کەمیی هێلکە و سپێرم لە تەمەنی بیست ساڵیدا: هۆکارێکی باوی نەزۆکی
د. تارا زەنگەنە دەڵێت: “ئێستا دەبینین زۆربەی خانمان و پیاوان لە بیستەکانی تەمەنیاندا هێلکە و تۆویان کەمبووەتەوە. ئەم حاڵەتە بە هۆکاری سەرەکیی نەزۆکبوون و لاوازیی توانای دروستبوونی منداڵ دادەنرێت.”
ئەو پسپۆڕە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەنجامدانی ئەم پشکنینانە پێش هاوسەرگیری زۆر گرنگە، چونکە: “ئەگەر هەر کێشەیەک هەبێت، لە قۆناغی پێش هاوسەرگیرییان بە دەرمان بە ئاسانی چارەسەر دەکرێت و دوای هاوسەرگیری، بە ئاسانی دەتوانن منداڵ دروستبکەن.”
نەزۆکی، بە توانای نەبوونی دووگیانی پێناسە دەکرێت دوای ساڵێک یان زیاتر لە هەوڵدان بۆ منداڵبوون بەبێ بەکارهێنانی هیچ ڕێگرێک، کە کێشەیەکی تەندروستی گشتیی جیهانییە. بەپێی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)، ڕێژەی نەزۆکی لە جیهاندا گەیشتووەتە ئاستێکی بەرچاو، بە شێوەیەک کاریگەری لەسەر نزیکەی 1 لە 6 کەس (یان نزیکەی 17.5%ی ژمارەی دانیشتوان) دروستکردووە لە سەرانسەری جیهاندا.

