لەم یەک دوو ڕۆژەی ڕابردوو بە تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی، هێزەکانی ئیسرائیل زیاتر چوونەتە نێو خاکی سووریا.
ڕوانگە سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویدەکاتەوە، کە هێزەکانی ئیسرائیل بە بەکارهێنانی 3 تانک و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی سەربازی نزیکەی 6.5 کیلۆمەتر هاتوونەتە ئەو دیو سنوور و گەیشتوونەتە ڕێگای نێوان شاری خان ئەرنەبە و شارۆچکەی جەبا لە باکووری قونەیتەرە.
ڕوانگەی سووری ئەوەشی ڕاگەیاند؛ لەڕێگەی گوندی سەمدانییە لە ڕۆژهەڵاتی سووریا هێزەکانی ئیسرائیل چوونەتە ژوورەوە و خاڵێکی پشکنینیان لە شوێنی بازگەیەکی کۆن داناوە کە بە بازگەی ئەلسەقەری ناسراوە و دەکەوێتە چوارڕییانی نێوان ڕێگای خان ئەرنەبە -جابا و ڕێگەکە بەرەو دیمەشق دەڕوات.
چوونەناوەوەی زیاتری هێزاکانی ئیسرائیل بۆ نێو خاکی سووریا نیشانەی زیادبوونی چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیلە بە درێژایی بەرەکانی پێشەوەی خاکی سووریا، بەبێ هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ دانیشتووانی ناوچەکە.

