ادریس ساڵح
هەر لە کۆنەوە کشتوکاڵ وەک ستوونێکی گرنگی ئابووری و سەرچاوەی خۆراک لە هەموو جیهان دانراوە. لە کوردستاندا، سەرەڕای مێژوویەکی درێژ لە بواری کشتوکاڵدا، جوتیاران ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی جوتیاران و ئابووری وڵات هەیە.
زۆر جار لە نێو جوتیارانی هەرێمی کوردستان دەنگی نیگەرانییان دەبیستین کە دەڵێن: هەندێک جار تۆوەکان بەرهەمدارن و هەندێک جار بەتاڵ، بۆ نموونە، چەند جارێک هەمان تۆوم کڕیوە، ساڵێک زۆر باش بووە و ساڵی دووەم خراپ بووە. ئەم ڕاستییە ڕەنگدانەوەی کێشەیەکی گەورەیە کە کاریگەری لەسەر هەزاران جوتیار و ئابووری هەرێمی کوردستان هەیە.
ناجێگیری بەرهەم بریتییە لە جیاوازی بەرچاوی شێوە و جۆرێتیی بەرهەمەکان لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکیتر، تەنانەت لە کاتی بەکارهێنانی هەمان تۆو، هەمان زەوی، و هەمان شێوازی کشتوکاڵدا. ئەم دیاردەیەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیان و کارەکانی جوتییاران درووست کردووە و بووەتە هۆی ئەوەی تێچووی خەرجی تۆو زیاتربێت لە بڕی بەرهەمەکان.
ئایا ناسەقامگیری بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە هەرێمی کوردستان دیاردەیەکی سروشتییە یان هۆکارە مرۆییەکانی لە پشتە؟
بە دڵنییاییەوە هۆکارگەلێکی سرووشتی و مرۆیی لە پشت ئەم پرسەوەن، ئەگەر لە لایەنی سروشتییەوە سەیری بکەین، دەبینین کە گۆڕانی کەشووهەوا یەکێکە لە کاریگەرترین هۆکارەکان، کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا کوردستان ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی باران، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و زۆر جاریش لە بەهاران سارما و سۆڵە کێڵگەی جوتیارانی بێ بەروبووم کردووە. کەمی ئاو کاریگەرییەکی زۆری لەسەر بەرهەمەکان هەیە و لە ئێستادا سەرچاوەکانی ئاو کەمبوونەتەوە و ڕووبارەکان و کانیاوەکان بەروەو وشکبوون چوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە زۆربەی زەوییەکان پشت بە باران دەبەستن نەک بە سیستەمی ئاودانی تازە، سەرەڕای ئەوەش، کەڕوو و مێروولە و ڤایرۆسەکان هەر ساڵێک بە شێوەیەکی جیاواز دەردەکەون و کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمەکان درووست دەکەن.
هاوکات ئەگەر لە ڕوانگەی دیاردە مرۆییەکانەوە سەیر بکەین، جۆرێتیی تۆو یەکێکە لە بەرچاوترین هۆکارەکان, چونکە زۆرجار جوتیاران تۆوی تێکەڵاو و کۆن یاخود تۆوی خراپ بە نرخێکی هەرزان دەکڕن بێ ئەوەی چاودێرییەک لەسەر بازاڕی تۆو هەبێت. هەروەها نەبوونی خزمەتگوزارییە کشتوکاڵییەکان وەک ڕێنماییە زانستییەکان و شرۆڤەکارانی کشتوکاڵ و تاقیگەکانی شیکاری خاک، وا دەکات جوتیاران پشت بە ئەزموونی خۆیان ببەستن لە بری ئەوەی پشت بە شیکاری زانستی ببەستن، ئەمەش دەبێتە هۆی نا سەقامگیریی بەرهەمەکان.
لە هەمووی گرنگتر لایەنی ئابوورییە، لەبەر ئەوەی زۆرجار نرخی بەرهەمەکان لە بازاڕدا زۆر نزمترە لەو بڕە پارەی کە لە بەرهەمەکان خەرج کراوە، ئەمەش وا دەکات جوتیاران نەتوانن تۆوی باش بکڕن و لە کارەکانییان سارد ببنەوە. لەلایەکیترەوە نەبوونی پشتگیری پێویستی حکومەت و یارمەتی دارایی کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی بواری کشتوکاڵ هەیە و لە کوردستاندا زۆر کەمە.
بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، پێویستە بازاڕی تۆو چاودێرییەکی چڕ لەسەر کۆمپانیاکان دابنێت و ڕێنمایی زانستی بە جوتیاران بدات، پشتگیری دارایی جوتیاران بکات لە کڕینی ماددەی کیمیایی و تۆو، هەروەها چاودێری بازاڕ بکات بە دانانی نرخی کەمینە و سنووردارکردنی هاوردە. وە پێویستە ژێرخانی ئاودان پێشبکەوێت بە بونیاتنانی بەنداوی زیاتر و دامەزراندنی سیستەمی ئاودانی سەردەمی، هەروەها لێکۆڵینەوە و گەشەپێدان بۆ بەرهەمهێنانی تۆویی گونجاو لەگەڵ کەشووهەوای کوردستان.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین ناجێگیریی بەرهەمی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان ڕاستییەکی ڕوونە کە ژیانی هەزاران خێزانی زەحمەت کردووە و حەز و ویستی کشتوکاڵی کەمکردووە، ئەم دیاردەیە نە تەواو سروشتییە و نە تەواو مرۆییە بەڵکو تێکەڵەیەکە لە هەردووکیان، لە لایەکەوە گۆڕانی کەشووهەوا، کێشەی ئاو و نەخۆشییەکان، هۆکارە سروشتییەکانن کە مرۆڤ ناتوانێت بە ئاسانی کۆنتڕۆڵیان بکات، لە لایەکی تریشەوە شێوازی تۆو، نەبوونی خزمەتگوزاری، کەمی پشتگیری حکومەت و شێوازە کۆنەکانی کشتوکاڵ، هۆکارە مرۆییەکانن کە دەتوانرێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

