ژنێکی تەمەن 20 ساڵان لە کۆریایی باشوور، هەوڵ دەدات لە ماڵەکەیدا سیسرکەیەک بە ئاگر بکوژێت، بەڵام دەرئەنجامەکەی گیان لەدەستدانی دراوسێیەکی و سووتانی نهۆمێکی باڵەخانەیەک دەبێت.
دەیلی مەیل لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە؛ ڕۆژی سێشەممە 2025-10-21 لە شاری ئۆسانی کۆریای باشوور، ژنێک لەکاتی هەوڵدان بۆ دەربازبوون لە ئاگرێک، دەیەوێت لە پەنجەرەیەکەوە منداڵە دوو مانگەکەی بە دراوسێکانی بدات، بەڵام لە باڵەخانەکە دەکەوێتە خوارەوە و گیان لەدەست دەدات.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی کۆریای باشوور، ئاگرەکە لەلایەن ژنێکەوە دەستیپێکردووە، کە هەوڵی کوشتنی سیسرکەیەکی داوە لە نێو ماڵەکەیدا لە ڕێگەی بەکارهێنانی سپرای ئایرۆسۆڵ و دواتر بەهۆیەوە ئاگر لە تەواوی نهۆمی باڵەخانەکە کەوتۆتەوە.
بە گوێرەی ئەو ڤیدیۆیانەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوبۆتەوە، بڵێسەی ئاگر لە تەواوی باڵەخانەکە بەرز دەبێتەوە لە کاتێکدا تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە دانیشتوانی بلۆکەکە ڕزگار بکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی دەیلی مەیل، ئەو ژنەی گیانی لەدەستداوە، هاووڵاتییەکی چینی بووە و تەمەنی 30 ساڵ بووە و لە نهۆمی پێنجەمی بیناکەدا دەژیا.
هاوسەری قوربانییەکە توانیوویەتی لە ژیاندا بمێنێتەوە دوای ئەوەی سەرکەوتووە بۆ باڵەخانەیەکی دراوسێ، هەروەها میدیا ناوخۆییەکان ئەوەش ئاشکرا دەکەن؛ هەشت کەس بەهۆی دووکەڵەکەوە برینداربوون.
لایەنی ئیداری شارەکە پێیان وایە ئەم دوو هاوسەرە ویستوویانە لە پەنجەرەکەوە ژیانی خۆیان ڕزگار بکەن، چونکە دووکەڵێکی زۆر لە پلیکانەکانەوە بەرەو ڕوویان چووە.
ئەمە لە کاتێکدایە، پۆلیسی شارەکە ڕایگەیاندووە، داوای دەستگیرکردنی ئەو ژنە تەمەن 20 ساڵە دەکرێت کە ئاگری لە باڵەخانەکە بەرداوە.
ئەم ڕووداوە دەرئەنجامی ئەو ڤیدیۆیانەیە کە لە سۆشیال میدیادا بڵاودەکرێنەوە بۆ کوشتنی جاڵجاڵۆکە بە سپڕای ئاگر لە نێو ماڵدا، ئەمەش وەک ڕێگەیەکی ئاسان بۆ ڕزگاربوون زیندەوەرەکانی نێو ماڵ.