حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردۆتەوە و دەڵێت: لە ماوەی هەفتەیەکدا ڕێکارە پێویستەکان تەواو دەبن و ئەو گەنجانە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان کوردستان کە لە لیبیا گیریان خواردووە.
ماوەی دوو مانگە 41 هاووڵاتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی لیبیا گیریان خواردووە، کە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەورووپا ڕێگەی ئەو وڵاتەیان گرتۆتەبەر.
ئەمڕۆ یەکشەممە 19ی ئۆکتۆبەری 2025 حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی ئەم پرسە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند؛ “لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە هێنانەوەی ئەو گەنجانەی لە وڵاتی لیبیا گیریان خواردووە، خانەوادە بەڕێزەکانیان دڵنیا دەکەینەوە کە هەر لە سەرەتای بارودۆخەکەوە، تیمێکی تایبەت لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە، ڕاسپێردراون بۆ تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارەکانی ڕزگارکردنیان لە وڵاتی لیبیا و گەیاندنەوەیان بەسەلامەتی بۆ هەرێمی کوردستان.”
حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیای دەداتە کەسوکاری ئەم هاووڵاتییانە و دەڵێت؛ لێرەوە ئێوەی بەڕێز دڵنیا دەکەینەوە کە لە ماوەی هەفتەیەکدا پشتیوان بە خوا، ڕێکارە پێویستەکان تەواو دەبن و ئەو گەنجانە دەگەیەنرێنەوە هەرێمی کوردستان.
دوایین کاروانی کۆچبەران لە لیبیا 25 کەس بوون و لە 2025-09- 10گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.