توێژینەوەیەکی ئیسرائیلی دەریخستووە؛ دەرمانی فیناسترايد، کە بۆ چارەسەرکردنی قژ ڕووتانەوەی پیاوان بەکاردێت، ڕەنگە مەترسیی تێکچوونی باری دەروونی و بیرکردنەوە لە خۆکوشتن زیاد بکات.
توێژینەوەیەکی زانکۆی هیبرۆ لە ئیسرائیل ئاشکرای دەکات؛ بەکارهێنانی دەرمانی فیناستراید بە ناوی بازرگانی پرۆپیشیا، کە پیاوان بۆ چارەسەری قژ ڕووتانەوە بەکاری دەهێننن، بەهۆیەوە سەدان هەزار بەکارهێنەر تووشی خەمۆکی بوون و سەدان کەسیش بەهۆیەوە خۆیان کوشتووە.
خاوەنی توێژینەوەکە پڕۆفیسۆر مایەر برێزیسە، کە توێژەری تەندروستیی گشتییە لە زانکۆی هیبرۆ لە ئیسڕائیل، دەربارەی کاریگەری دەرمانەکە ڕایگەیاند؛ بەڵگەکان چیتر تەنیا گێڕانەوەی تاکەکەسی نین، بەڵکو ئامارەکان پیشانی دەدەن.
هەروەها ئەو توێژەرە داوای گۆڕانکاریی خێرا دەکات و پێشنیار دەکات کە بازاڕکردن بە دەرمانەکە بۆ مەبەستی جوانکاری بە شێوەیەکی کاتی ڕابگیرێت تاوەکو سەلامەتییەکەی بە تەواوی دووپات دەکرێتەوە.
دەرمانی فیناسترايد لە ساڵی 1997 لەلایەن دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA)ـەوە پەسند کراوە.