بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای ئەنجامدانی سونەتی عومڕە و کاتی گەڕانەوە بۆ هەرێمی کوردستان خاتوونێکی تەمەن 88 ساڵ بەبێ بوونی هیچ نەخۆشییەک کۆچی دوایکرد.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئۆکتۆبەری 2025 کاروان ستونی گوتەبێژی حەج و عومڕەی کوردستان ڕایگەیاند؛ “ لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان و دوای ئەنجامدانی سونەتی عومڕە، عومڕەکارێکی کورد بەناوی [مەلیحە ئەحمەد عەلی خان] لە سنووری عەرەعەری سعوودیە کۆچی دوایی کرد و هەر ئەمرۆ بڕیارە تەرمەکەی بگەڕێتەوە زێدی خۆی و لە شاری کەلار بەخاک بسپێردرێت.”
کاروان ستونی ئەوەشی ڕاگەیاند؛ “ئەم عومڕەکارە خەڵکی کەلارە، تەمەنی 88 ساڵ بووە و هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و ئافرەتێکی دیندار و قسەخۆش بووە.”
گوتەبێژی حەج و عومڕەی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، بە بەردەوامی دوو فەرمانبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی حەج و عومڕە لەسەر ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سنووری عەرعەر دەوام دەکەن تاوەکو کارئاسانی بۆ عومڕەکارانی کوردستان بکەن.
هەروەها کاروان ستونی ئاماژەی بەوەش کرد؛ تا بەرەبەیانی ئەمرۆ فەرمانبەرانمان لە عەرعەر هاوکاربوونە تاوەکو تەرمی ئەو عومڕەکارە بەڕێ کراوە بۆ ڕومادی. لە ڕومادیشەوە ئامادەیی خۆمان پیشانداوە بۆ دابینکردنی هەر شتێک تاوەکو تەرمی ئەو عومڕەکارە دەگاتەوە شاری کەلار.
دەربارەی ژمارەی ئەو عومڕەکارانەی لە سعوودیە کۆچی دواییان کردووە، کاروان ستونی دەڵێت؛ ئەمە دەیەمین عومڕەکارە لەسەرەتای ئەمساڵەوە لە گەشتی عومڕە کۆچی دوای کردبێت.