جێگری بانکی ناوەندیی عێراق دەڵێت؛ یەدەگی زێڕمان بەرزبۆتەوە بۆ 170 تۆن زێڕ و نیازی لابردنی سفرەکانی سەر دیناری عێراقیمان هەیە.
عەمار خەڵەف، جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند؛ بانکی ناوەندی عێراق لە ئێستادا یەدەگی زێڕی لە 90 تۆنەوە بۆ 170 تۆن زیادکردووە و ئەم بڕە زێڕەی ئێستاش 20%ی کۆی سامانی بانکی ناوەندی پێکدەهێنێت.
جێگری بانکی ناوەندیی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاند، کە عێراق لە ئێستادا لە پلەی چوارەمی وڵاتانی عەرەبیدایە لە ڕووی خاوەندارێتی یەدەگی زێڕ و لە پلەی 29یەمی وڵاتانی جیهانیشدایە.
ئەم بەرپرسە ئاشکرای دەکات؛ نیازی لابردنی سفرەکانی دیناری عێراقییان هەیە، ئەمەش بەمەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانی کەڵكەبونی دراوى نەختینە لەسەر کەرتی دارایی.
لابردنی سفرەکانی سەر دیناری عێراقی، بابەتێکی هەنوکەی نییە و لە ساڵانی پێشتریشدا هەوڵی ئەنجامدانی ئەم کارە دراوە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی پارەی نەختێنەی لە بازاڕ بۆ نێو بانکەکان و بەرزکردنەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دراوەکانی دیکە و بەتایبەتیش دۆلار.