ڕەحمان، کارەکتەری ناسراوی درامای سێ بە چوار کۆچی دوایکرد

موحەممەد کاسابی، ئەکتەرە ناسراوەکەی درامای سێ بە چواری فارسی بە نەخۆشی دڵ گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی ئۆکتۆبەری 2025 لە میدیا فارسییەکان، هەواڵی کۆچی دوایی موحەممەد کاسابی، ئەکتەری ناسراوی فارس و ناسراو بە [ڕەحمان] بڵاوکرایەوە.

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کچەکەی موحەممەد کاسابی بڵاویکردەوە کە دۆخی تەندروستی باوکی ناجێگیرە، دوای مانەوەی چەند ڕۆژێک لەژێر چاودێری چڕ ئەمڕۆ هەواڵی مردنی باوکی ڕاگەیاند.

میدیا ئێرانییەکان دەڵێن، موحەممەد کاسابی، ئەکتەر و دەرهێنەری فارس، کێشەی دڵ و لوولەکانی خوێنی هەبووە و گیرۆدەی هەناسەتەنگی و کێشەکانی سییەکانیشی بووە.

ڕەحمان ناوێکی ناسراوی نێو بینەرانی دراما فارسییەکانە، بەتایبەت لە درامای سێ بە چوار، کە دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆی هێنا و تا ئێستاش دیمەنەکانی ئەم دراما دۆبلاژکراوە فارسییە لەنێو بینەرانی کورد و لە سۆشیاڵ میدیای کوردی ترێندە.