پەیجی یاریگا نێت داخرا و بەڕێوەبەرەکەی بە داڵ میدیا ڕاگەیاند؛ بەزووترین کات دەگەڕێینەوە خزمەت وەرزش و وەرزش دۆستانی کوردستان.
دوای ئەوەی لە ڕێکەوتی 2025-10-08 پەیجی یاریگا نێت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک داخرا، داڵ میدیا بەدواداچوون بۆ هۆکاری داخرانەکە دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 11ی ئۆکتۆبەری 2025 بەڕێوەبەری تۆڕی وەرزشی یاریگا بە داڵ میدیای ڕاگەیاند؛ “بەهۆی پەخشکردنی یارییەکانی خولی عێراقەوە پەیجەکەمان داخراوە، بەڵام ئێمە گرێبەستی یاساییمان لەگەڵ یەکێتی تۆپی پێی عێراق هەیە.”
بەڕێوبەری یاریگا نێت ئەوەشی ڕاگەیاند؛ لە ئێستادا لەگەڵ کۆمپانیای فەیسبووک لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و بەزووترین کات دەگەڕێینەوە خزمەت وەرزش و وەرزش دۆستانی کوردستان و ناوچەکە.
بەڕێوەبەری ئەو تۆڕە وەرزشییە جەخت لەوەش دەکاتەوە، گەر هەر پەیجێک بەناوی یاریگاوە دابنرێت فەیکە و ئەوان نین.
تۆڕی وەرزشی یاریگا ، ئاژانسێکی ھەواڵیی وەرزشیی کوردستانە، لە ساڵی 2006 دامەزراوە و گرنگی بە ڕووماڵکردنی ھەواڵ و چالاکییە وەرزشییەکانی کوردستان و جیھان دەدات و لە ڕێگەی وێبسایت، ئەپڵیکەیشنی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە ناوەڕۆکەکانی بڵاودەکاتەوە.