دوێنێ، وێنە و ناوی هاووڵاتییەک بڵاوکرایەوە کە گوایە چاڤیلاندی کڕیوەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو کەسە دەڵێت؛ گەر بەردەوام بن لە بڵاوکردنەوەی وێنە و ناوم، ڕێکاری یاساییتان بەرامبەر دەگرمەبەر.
دوای ئەوەی هەواڵی کڕینەوەی موڵکەکانی چاڤیلاند لەلایەن گەنجێکی سەرمایەداری سلێمانی بڵاوبووەوە، بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و پەیجەکانی سۆشیاڵ میدیا، وێنە و ناوی کەسێکیان بڵاوکردەوە کە گوایە ئەو کەسە چاڤیلاندی کڕیوەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 6ی ئۆکتۆبەری 2025 ئاکار موحەممەد، ئەو گەنجەی وێنەکەی بڵاوکراوەتەوە، ڕایگەیاند؛ ” بەڕێزان، دەزگا و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، سەرجەم پەیج و ئەکاونتەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک، [من ئاکار موحەممەد] کارمەند و مووچەخۆرم لە سنووری پارێزگای سلێمانی، دوێنێ لەکاتی ئاشکراکردنی کڕینی بەشێک لە موڵکەکانی چاڤیلاند؛ ناو وێنەی من بەهەڵە بڵاوکراوەتەوە.”
ئاکار موحەممەد، ئەوەشی ڕاگەیاند، بەمافی خۆمی دەزانم لەڕێگەی ئەم ڕوونکردنەوەیەوە دوو داواکاری ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەم؛
یەکەمیان، هەرچی زووە ناو وێنەی من بسڕنەوە.
دووەمیان، لەڕێگەی ئەم ڕوونکردنەوەیەوە ئەو هەڵەیە ڕاست بکرێتەوە، چونکە من دوور و نزیک پەیوەندیم بەم بابەتەوە نییە.
ئەو هاووڵاتییە جەخت لەوەش دەکاتەوە، گەر هەر کەس و دەزگایەک بەردەوام بێت لەبڵاوکردنەوەی ناو وێنەی ئەو [ئاکار موحەممەد] ڕێکاری یاسایی بەرامبەر دەگرێتەبەر.