دوای تێپەڕبوونی نزیکەی پێنج مانگ بەسەر شەڕ و ئاڵۆزییەکانی هۆتێل لالەزار، ئەمڕۆ بەشێکی زۆر لە دەستگیرکراوەکان ئازادکران.
ئەمڕۆ سێشەممە 13ی کانوونی دووەمی 2026، یەکێک لە پارێزەرەکانی لاهور شێخ جەنگی، ڕایگەیاند: ” 17 کەس لە دەستگیرکراوانی لالەزار ڕێکارە یاساییەکانیان تەواو کراوە و لە زیندان ئازاد کراون و هاتوونەتە دەرەوە.”
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنی دووشەممە لاهور شێخ جەنگی، دامەزرێنەری ڕەوتی بەرەی گەل و هاوسەرۆکی پێشووتری یەکێتی نیشتمانی کوردستان بردرایە بەردەم دادوەر لە دادگای سلێمانی، بەڵام تاوەکو ئێستا کەیسەکەی بە نادیاری ماوەتەوە و دادگای نەکرا.
بەگوێرەی زانیارییەکانی داڵ میدیا، ئەو تۆمەتبارانەی ئازادکراون هیچ تۆمەتێکیان بەسەردا ساغ نەبۆتەوە.
دوای ئەوەی لە شەوی 21 لەسەر 22ی 8ی 2025 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی، کە پێکهاتبوون لە ئاسایش، دژەتیرۆر و هێزەکانی کۆماندۆ هێرشکرایە سەر هۆتێل لالەزار، پاش ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری، لاهور شێخ جەنگی و پۆڵاد جەنگی برای لەگەڵ کۆمەڵێک کەسی نزیک لە لاهور جەنگی دەستگیرکران.

