ڕێکخراوی هەنگاو: تەنها لە مانگی ڕابردوو 17 ژن کوژراون 

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تایبەت بە مانگی ئاب، 17 ژن لە تەواوی ئێراندا کوژراون و حەوت چالاکوانی ژنیش دەستبەسەرکراون لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران، وە سزای لەسێدارەدان بەسەر پێنج ژندا سەپێندراوە.

ڕۆژی هەینی 2025-09-05 ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاپۆرتێکی تایبەت بە پێشێلکاریەکانی مافی ژنان لە وڵاتی ئێران بۆ مانگی ئاب بڵاوکردەوە و هەنگاو ڕایدەگەیێنێت؛ “ تەنها لە مانگی ئابی 2025 سزای لەسێدارەدان بەسەر 5 ژن سەپێندراوە. یەک کەسیان بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و چوار کەسەکەی دیکەش بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستەوە.”

هەنگاو دەربارەی ژنکوژیش ئامارێکی جیاواز بڵاودەکاتەوە و دەڵێت؛ بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، “لە ماوەی مانگی ئابی 2025 بە لانی کەمەوە 17 ژن لە شارە جیاوازەکانی ئێران کوژراون” کە کوژرانی زۆربەیان بە دەستی کەسانی نزیکی خۆیان وەکو هاوژینەکەیانەوە ڕوویداوە.

دەربارەی دەستبەسەرکردنی چالاکوانانی ژنیش ڕێکخراوی هەنگاو ڕایگەیاند؛ لە ماوەی مانگی ڕابردوودا، لانی کەم 7 چالاکوانی ژن لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و پێنج چالاکوانی دیکەش سزای 7 ساڵ و 9 مانگیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەنگاو هۆکاری کوژرانی 17 ژنەکە ڕوون دەکاتەوە و دەڵێت؛ لە سەرجەم ئەو 17 حاڵەت ژنکوژییە، هۆکاری کوژرانی لانی کەم 10 ژن بە کێشەی خێزانی ڕاگەیێندراوە. یەک ژن بەهۆی ڕەتکردنەوەی داوای هاوسەرگیری و 3 ژن بەهۆی دزییەوە کوژراون و تا ئێستا زانیارییەک لەسەر هۆکاری کوژرانی 3 ژنی دیکە لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو تەنیا لە ساڵی پێشوودا 191 ژنکوژی لە ئێراندا تۆمارکراوە کە بەشێکی هەرە زۆری ئەو کوشتنانە لە لایەن ئەندامانی بنەماڵە و کەسانی نزیکی ئەو ژنانەوە ئەنجام دراوە.

هاوبەشی کردن

هەواڵی ناوخۆ