تاتووکردن دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ئایدز

سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران ڕایگەیاند؛ ئێستا لە ئێران خەڵکانێکی زۆر ڕوو لە تاتووکردن دەکەن و گەر بەبێ ڕەچاوی بنەما تەندروستییەکان بێت، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ئایدز.

سەرۆکی سەنتەری نەخۆشییە گوازراوەکان لە وەزارەتی تەندروستیی ئێران، قوباد موڕادی ڕایگەیاند؛ تاتووکردن شوێنێکی سەرەکی دەبێت بۆ گواستنەوە و تووشبوون بە ڤایرۆسە مەترسیدارەکانی نێو خوێن بەتایبەت ڤایرۆسی هەوکردنی جگەری جۆری B و C لەگەڵ ڤایرۆسی HIV کە دەبێتە هۆی ئەیدز.

قوباد موڕادی ئەوەشی ڕاگەیاند، تاتووکردن ئەو کاتە هۆکارێک دەبێت بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو ڤیرۆسانە کە بە بێ ڕەچاوکردنی مەرج و بنەما تەندروستییەکان ئەنجام بدرێت.

لەلایەکی دیکەوە تەندروستی ئێران دەڵێت؛ ئێستا نزیکەی 40 هەزار تووشبووی ڤایرۆسی ئەیدز هەن کە تەنیا 25 هەزاریان دەستنیشانکراون و ئەوانی دیکە نازانن نەخۆشییەکەیان هەیە، بەڵام لێشیانەوە دەگوازرێتەوە.