سالم جاسم
هەرێمی کوردستان قەوارەیەکی دەستوورییە لە عێراقی فیدراڵدا، لەڕووی سیاسی، ئابووری، گەشەسەندن، دیپلۆماسی و سەربازییەوە هەرێمی کوردستان بەبێ عێراق ئەستەمە بگاتە جیهانی دەرەوە. ئەمەش پێمان دەڵێت کەوا هەڵکردنی کاروانی بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان لە هەر ڕوویەکەوەبێت، لە بەغدا و بە ڕێککەوتنە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی.
بەم دواییانە لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنی ئەرێنی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەن، هەندێک پرس چارەسەر کراون و کۆمەڵێکی دیکەش ماون، هەڵبەتە ئەمەش پێویستیی بە یەکڕیزی کورد بە پلەی یەکەم، ئینجا کرانەوە بە ڕووی عێراقدا هەیە، گرنگە هەرێم ئەوەی لەسەر شانیەتی جێبەجێ بکات و دواجار بەهانەیەک بەدەست بەغدا نەهێڵێتەوە بۆ نەگەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر کۆی پرسەکان.
بۆ ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێویستە فۆکەسی تەواوەتیمان بخەینە سەر بەغدا و بە خاڵی بەدەستهێنانی مافەکانمانی ببینین، سەیرکردنی بەغدا بە چاوی نەیار یاخود هەر ناوێکی هاوشێوە، هیچ خزمەتێک بە کوردستان و خەڵکەکەی ناکات، چونکە زامنی هەر مافێکمان لە بەغدا نەبێت لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە، کاتێک نەوتی هەرێم ڕاگیرا و کێشە بۆ بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروستبوو، مەگەر هەر لە بەغدا چارەسەر نەکران و ڕێککەوتنیان لەسەر نەکرا؟
بەڵێ بەغدا سەنگەری یەکەمی بەرگریکردنە لە مافەکانی کورد و قوڵایی ستراتیژیەتی کوردە، ئەوە مانای عێراقچییەتی ناگەیەنێت، بەڵکو واقیعێکە و پێویستی بە مامەلەیەکی ژیرانە و دیپلۆماسییانەی سەرکردایەتیی سیاسیی کورد هەیە، بۆئەوەی سەنگەر لە بەغدا نەگرێت، بەڵکوو بیکاتە سەنگەری بەدەستهێنانی ئەو مافانەی کە بە دەستووری بۆ کورد داندراون. بە بەدەستهێنانی مافەکانی، کورد دەتوانێت ڕکابەریی پێشکەوتن لە گشت سێکتەرەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لەگەڵ بەغدا بکات و ئەزموونی سەرکەوتووی خۆی بکاتە کارتێکی بەهێز لەهەمبەر بەغدا و بە جیهانیش بڵێت؛ بفەرموون کاتێک دەرفەت هەیە دەتوانین باشترین وەشانی حکومڕانی پێشکەش بکەین.
ئێستا کە بانگەشەی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکردووە، کورد لە بەردەم پرسێکی چارەنووسساز دایە، پرسێک کە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک و پێگە و کیانی هەرێمی کوردستان لە ساڵانی داهاتوودا هەیە. ئاخۆ لە کابینەی نوێی عێراقدا، جارێکی دیکە کورد پەرتەوازە و لاواز دەبێت و توانای زامنکردنی مافەکانی خۆی و ڕاگرتنی هاوسەنگیی بڕیاردانی نابێت، یان ئەوەتا بە فۆڕم و کارنامەیەکی دیکەوە دەچنە بەغدا؟
هەڵبەتە ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوو کوردستانی بە بارودۆخێکی سەختدا تێپەڕاند، پەرتەوازەیی لایەنە سیاسییەکان و نەبوونی کارنامەیەکی هاوبەش بوو وەکو کورد لە بەغدا. بۆیە لەئێستادا پێویستە کورد بیر لەوە بکاتەوە کەوا کارنامەیەکی تایبەت و ستراتیژیەتێکی خۆی هەبێت و وەکو کورد بچێتە بەغدا، نەک هەر لایەنێک لای خۆیەوە بچێت و نەزانێت کە ئاخۆ بۆچی لەوێیە و نەتوانێت ئەوەی کە مەبەستیەتی، بەدەست بهێنێت. یەکڕیزی و یەکگرتوویی کورد لە بەغدا، وادەکات حکومەتی ناوەندی بەچاوی کورد، وەک هەرێمێکی دەستووری مامەڵەی لەگەڵدا بکات.
سەرەنجام ئەوەی مەبەستمە بیڵێم؛ پێویستە کورد هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسەدا بکات و قەزیەی خۆی لە نەتەوەوە دانەبەزێنێتە ئاستی حیزب و کەس! بەڵکوو بە ستراتیژیەتێک و سیاسەتێکی نوێوە لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان و هەرێم لە بەغدا بن و لەم سۆنگەیەشەوە بتوانن دەستەبەری تەواوی خواست و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن لە چوارچێوەی دەستووری عێراقی فیدراڵدا.