وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەڵێت؛ گەر بەربژێرەکانمان بچنە پەرلەمانی عێراق دەبێت تەنها بە زمانی کوردی قسە بکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: “ کاتێک دەڵێین عێراقی نین بە کردەوەش دەیسەلمێنین، گەر ئێمە لە هەڵبژاردندا سەرکەوتین بۆ پەرلەمان نە خۆم و نە بەربژێرەکانی دیکەمان هیچمان ئامادەنین بە عەرەبی قسە بکەین.”
فەرهاد تۆفیق جەخت لەوەش دەکاتەوە،” دەبێت لە پەرلەمانی عێراق وەرگێڕی ڕاستەخۆ بۆ زمانی کوردی دابنرێت، دەستوور ئەو مافەی بە کورد داوە، بەڵام بەداخەوە لە ڕابردوودا پەرلەمانتارانی کوردستان ئەو مافەیان بەکارنەهێناوە.”
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق 23 بەربژێری لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی و کەرکووک، دهۆک و دیالە هەیە. بەگوێرەی بڕیاری کۆمسیۆن سبەی هەینی، بانگەشەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەست پێ دەکات، کە لە 11ی 11ی 2025 ئەنجام دەدرێت.