چۆن منداڵەکانمان بگەڕێنینەوە سەر خوێندن

سەفا ئەنوەر

لە سیستەمی خوێندنی وڵاتان بە گشتی ماوەیەکی دیاریکراو داندراوە وەک پشوو بۆ قوتابیان، ئەگەرچی لە هەر وڵات و ناوچەیەک سیستەم و یاسایەکی تایبەتی خۆی هەیە، بەڵام سەرەنجام بەشێوەیەکی گشتی هەمووان ماوەیەک دادەنێن بۆ کۆتایی هاتنی وەرزێکی خوێندن. هەڵبەتە لەو ماوەیەدا منداڵان کاتێکی زیاتریان بەردەست دەبێت لە ژیانی ڕۆژانەیان، بۆیە دەتوانین بڵێین زۆرجار ئەو کاتە زۆرەیە دەبێتە هۆی تێکدانی ڕووتینی ڕۆژانەیان، ئەمەش بەهۆی بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و یاری و کاتی زیاتر لەگەڵ هاوڕێیانیان لە دەرەوەی ماڵ.

کاتێک وەرزی نوێی خوێندن دەستپێدەکاتەوە، بۆ زۆرینەوەی ئەو منداڵانەی کەوا بەرنامەی ڕۆژانەیان لەلایەن دایکان و باوکانەوە بۆیان ڕێکنەخراوە، توشی هەندێک گۆڕانکاری و کێشە دەبنەوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆ و نەرێنی دەکەنە سەر پرۆسەی خوێندنی منداڵەکە، هەر بۆیە بۆ ئەو دایک و باوکانەی کەوا منداڵەکانیان بەو کێشانەدا تێدەپەڕن، کۆمەڵێک ڕێگە چارە هەن کە هاوکاریان دەبن و دەتوانن لە ڕێگەیانەوە ژینگەیەکی لەبار بۆ منداڵەکانیان فەراهەم بکەن.

١- ڕێکخستنی خەو: گرنگترین شت کاتی خەوتنە، لەسەر دایک و باوک پێویستە پێش هەر شتێک سیستەمی خەوی منداڵەکانیان ڕێکبخەنەوە، چونکە خەوتن یەکێکە لەو شتە گرنگانەی کە قوتابی زیاتر لە هەر شتێک پێویستی پێیەتی بۆ ئامادەبوونێکی تەواو لە هۆڵەکانی خوێندن و پاراستنی تەندروستی.

٢- ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان: هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی چاڵاکییە ئەلیکترۆنییەکان، پێویستە لە سەرەتای دەستپێکردنەوەی خوێندندا کاتێکی کەمتری بۆ تەرخان بکرێت، چونکە منداڵ لەم سەردەمەدا زیاتر حەز بە بەکارهێنانی ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنییانە دەکات لە هەر شتێک (ڤیدیۆ گەیمینگ، ئایپاد و مۆبایل). ناکرێت لە یەکەم ڕۆژی خوێندن ئەم شتانە قەدەغەبکرێن تا کۆتایی ساڵی خوێندن، چونکە منداڵەکەت وا هەست دەکات کە خوێندن بووەتە هۆکاری ئەوەی کە لەم چێژ وەرگرتنە دووربکەوێتەوە و رقی هەڵبستێت لە خوێندن، بۆیە هەوڵ بدە کەمتر مۆبایل بەکاربهێنیت لەلای منداڵەکەت تا ئەویش بیری زیاتری لەلا نەبێت.

٣- چاڵاکی هوونەری: دەکرێت لە شوێنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان چەند چاڵاکییەکی هونەری لەگەڵ منداڵەکانتان ئەنجام بدەن، وەک وێنەکێشان و خوێندنەوەی چیڕۆک و هەندێک یاری سادە وەک مەتەڵ و پرسیار و وەلام، کە ئەمەش هۆکارە بۆ بەهێزبوونی یادگە و دروستبوونی ژینگەیەکی پەروەردەیی لەبار بۆ منداڵەکە.

٤- هاندان: گرنگە لەسەر دایکان و باوکان هەمیشە هانی منداڵەکانیان بدەن بۆ بە هەند وەرگرتنی پرۆسەی خوێندن، بێگومان ئەوەش بە ڕیتمێکی نەرم و هەستێکی بەرپرسیاریەتییەوە دەبێت بۆ ئەوەی منداڵەکە ئامادەی وەرگرتنی بێت نەک بێزارکەربێت بۆی.

٥- ئامانجدارکردن: ڕێگە مەدە منداڵەکەت هیچ نەزانێت لەبارەی داهاتووی خۆیەوە، هەوڵدە هاوکاری بیت لە دروستکردنی ئامانج بۆی، بۆئەوەی بزانێت کە بۆچی دەچێتە قوتابخانە و مەرامی چییە، کە بێگومان ئەوەش دەبێتە هۆی بەرچاووڕوونی و ئاشنابوونی زیاتر بە پرۆسەی خوێندن.

٦- بازارکردن: دەکرێت بازارکردنێک لەگەل منداڵەکەت، کڕینی هەندێک جلی نوێ و هەندێک دەفتەر و قەڵەم و پێداویستییەکانی وێنەکێشان وە هەروەها جانتایەکی بە دڵی منداڵەکەت بە مەرجێک جانتایەکە قورس نەبێت و کوالێتی باش بێت تا ئازاری ماسوڵکەکانی نەدات بۆئەوەی خۆشەویستی منداڵەکەت لەسەر خوێندن و گەڕانەوەی بۆ خوێندن زیاتر بکات .

٧- پاڵنەر: گرینگە لە خوێندندا لە کاتی بە دەست هێنانی نمرەیەکی باش دەکرێت پاڵنەرێک و پاداشتێک هەبێت، ئەگەر بکرێت هەر لە ئێستاوە بۆ کۆتایی ساڵ لە ئەگەری بەدەست هێنانی نمرەیەکی باش، دیاریەکی باشت بۆی هەبێت چونکە ئەمە وادەکات زیاتر خۆی ماندوو بکات تا بە دەستی بهێنێت. بەڵام شتانێک بن کە لە تواناتدا هەبێت چونکە لە ئەگەری بە جێنگەیاندنی بەڵێنەکەت، وادەکات منداڵ تووشی لاوازی متمانەیی بێت لەناو خێزان.

٨- فەرمان نەکردن: بەرێگای نموونە زیاتر هەوڵبدە متمانە دروست بکە بۆ منداڵەکەت، نموونەی زیندوو بهێنەرەوە لەسەر زیان و سوودەکان. با قسەکردنت لەسەر خوێندن زیاتر لە فەرمان نەچن، دەکرێت بلێیت ئەگەر شەو زوو نەخەویت بینای چاوەکانت بۆ بەیانی لاواز دەبن و چەند نموونەیەکی تر کە بتوانێت داهێنان بکات لە خوێندن دا.

بە گرتنەبەری ئەم هەنگاوە، دایکان و باوکان دەتوانن ژینگەیەکی لەباری پەروەردەیی بۆ منداڵەکانیان فەراهەم بکەن و لە پشوویەکی درێژخایەنەوە بیانهێننە ناو پرۆسەی خوێندن.