بانگخوازێک سکاڵایی یاسایی لەسەر زانکۆی ئەمریکی – سلێمانی تۆمار دەکات و دەڵێت؛ لە نمایشێکی هونەری سوکایەتی بە نیقاب کراوە و ئاڵای هاوڕەگەزخوازن پیشاندراوە.
دوێنێ شەممە، لە زانکۆی ئەمریکی – سلێمانی کۆنسێرتێکی هونەری بە ناوی [هونەرگەها وڵات] ئەنجام درا و کۆمەڵێک سەمای جیاواز بە جلوبەرگی کوردی پێشکەش کران، لە بەشێکی کۆنسێرتەکەدا، شەش ئافرەت بە جلێکی تەواو داپۆشراو دەردەکەون و دواتر جلەکانیان لا دەدەن و جلی کوردی پیاوانە دەردەکەوێت کە هەر یەکەو ڕەنگێکە.
لادانی جلە داپۆشراوەکە و دەرکەوتنی جلی پیاوانە بە رەنگی جیاواز، بانگخوازێک دێنێتە دەنگ. حاجی کاروان، بانگخواز و پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان ڕایگەیاند؛ “ لە زانکۆی ئەمریکی ئەو نمایشەی کراوە کە ژمارەیەک ئافرەت بە جلی باڵاپۆشی و نیقابەوە دەچنە سەر تەختەی نمایش و جلەکانیان فڕێدەدەن و جلی دیکەیان لەبەردایە، سووکایەتییە بە نیقاب.”
حاجی کاروان لە بەشێکی قسەکانیشی سەرنج دەخاتە سەر ڕەنگی جلەکانیان و دەڵێت؛” جلەکانی دوای نیقابەکە ڕەنگاوڕەنگن وەکو هێمایەک بۆ ئاڵای هاوڕەگەزخوازان، ئەمەش سووکایەتی نەبێ بە گەلێکی موسڵمان هیچی دیکە نییە، منیش داواکاری و سکاڵام گەیاندووە بە داواکاری گشتی، چونکە ئەوەیە سووکایەتییە بە ئاینی زۆرینە و گشتی.”
لەلایەکی دیکەوە، هەڵکەوت چەلەبی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی زانکۆی ئەمریکی – سلێمانی، دەربارەی ئەو بڕگەیە لە کۆنسێرتی هونەرگەها وڵات ڕایگەیاند؛” ئەم بڕگەیەی چەند کەسێک بە هەڵە لێی تێگەیشتوون، سووکایەتی نییە بە ئاینی ئیسلام، بەڵکو باسی خەباتی رۆژئاوای کوردستانە دژی داعش، کە هەموومان و پێش ئێمەش ئیسلامییە بەڕێزەکان دەزانن داعش ئیسلام نییە و گرووپێکی تیرۆرستین.”
حاجی کاروان دوای ئەو قسانەیدا، لە پۆستێکی فەیسبوکدا پەیامێک ئاڕاستەی موسوڵمانان دەکات و دەڵێت، “هەر کەس تۆزێ دین و غیرەتی هەبێت ئەو سوکایەتییەی پێ قبوڵ نیە کە بە ئافرەتی باڵا پۆش کرا لە زانکۆی ئەمەریکی لە سلێمانی.”
ئەو نمایشەی دوێنێ شەو لە زانکۆی ئەمریکی – سلێمانی ئەنجامدرا وەک پاشکۆیەک بوو لە دوای دیداری کوردناسی پێشکێش ئامادەبووان کرا. ئەو گرووپەی ئەنجامیان داوە لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتوونەتە باشووری کوردستان و بڕیارە نمایشەکانیان لە شارەکانی دیکەی باشووری کوردستانیش درێژە پێ بدەن.