بەهۆی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن، هێڵی ئاسمانی عێراق وەستێندراوە، حەج و عومڕەی کوردستانیش داوا لە عومڕەکاران دەکات لە ڕێگەی وشکانی بگەڕێنەوە یاخود بمێنەوە تاوەکو گەشتەکان دەست پێ دەکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17ی ئابی 2025 بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومڕەی کوردستان ڕایگەیاند، “ ئاگاداری هەموو ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی حەج و عومڕە دەکەین ئهو هاووڵاتیانهی ئێستا له عهرهبستانی سعوودیەن بە مەبەستی ئەنجامدانی گەشتی عومڕە، هێڵی ئاسمانی عیراقی بەهۆی چلەی ماتەمینی ( ئیمام حوسێن) ڕەزای خۆی لەسەر بێت هەموو گەشتەکانی چارتەری تا کاتێکی نادیار ڕاگرتووە.”
حەج و عومرەی کوردستان ئەوەشی ڕاگەیاند،” هەر عومڕەکارێک ئارەزوو بکات بگەڕێتەوە ئەوا پێویستە هەماهەنگی بکات لەگەڵ ئەو کۆمپانیایەی کە لەگەڵی سەفەری کردووە تاوەکوو بە ڕێگەی وشکانی و بە پاس بگەڕێتەوە، ئەو هاووڵاتیانەی کە نایانەوێت بگەڕێنەوە پێویستە لەسەر کۆمپانیاکە شوێنی حەوانەوە و خواردن و خزمەتگوزارییەکان بۆیان دابین بکات تاوەکوو گەشتەکانی ئاسمانی دەستپێدەکەنەوە.”
هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، گەر کۆمپانیاکان بە ئەرکی خۆیان هەڵنەستن بۆ دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و خەرجی ئەو کەسانەی نایانەوێت بگەڕێنەوە، “ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی و کارگێری دەبنەوە و خەرجی ئەو عومڕەکارانەی کە لەوێن لەو بڕە پارەیە دەگەڕێندرێتەوە کە وەکوو بارمتە داویانە.”
بەپێی راگەیاندراوەکەی بەرێوەبەرایەتی حەج و عومڕە، “لە ئێستادا نزیکەی 16 هەزار عومڕەکاری عیراقی لەوێ ماونەتەوە کە لە نێویاندا نزیكهی 2000 عومڕەکاری هەرێمی کوردستانن.”