سالم جاسم
بەم دواییانە هاوکێشەگەلێک لە ناوچەکەدا گۆڕاون و پێشھاتی نوێیش ھەن، لە هاوکێشەی سیاسی، ئابووری و سەربازییەوە بگرە تا نەتەوەییش. دوێنێ دەسەڵاتێک لە سووریا و ئەمڕۆ سیستەمێکی دیکەی حکومڕانییە، پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا هەنگاوێکی بڕیوە و پەکەکە خەباتی سەربازیی خۆی گۆڕیوە بۆ مەدەنی و سیاسی، تەنانەت سیاسەتی ئێران بەرامبەر ناوچەکە و ڕۆژئاوا گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.
ئەو هاوکێشانەی هێشتا لە ناوچەکەدا یەکلایی نەکراونەتەوە لە گۆڕەپانی عێراق دان، ئەو عێراقەی ئەمریکا پەیامی پێداوە کە نابێ لەژێر دەسەڵاتی ئێراندابێ و ھیچ پەیوەندییەکیش لەمەودوا بمێنێ، یان ئەوەتا دەبێ ملکەچی بڕیارەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بێت و چیدی نەچێتە بەرەی ئێرانەوە یاخود هێرشی دەکرێتە سەر، دوێنێ بنیامین نەتەنیاهوو لەکاتی پێشکێشکردنی گوتارەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەدا کە گروپە ملیشیاکانی عێراق وەستێنراون و ئەگەر سەرکردەکانیشیان هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل، لەنێو دەبردرێن.
ئەو ئەمریکایەی پارە و خوێنی خۆی لە عێراقدا ڕشتووە، بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو وڵاتە نابێت و بێگومان پشتیش لە هاوپەیمانە دێرینەکەی کە کوردە ناکات، بەڵکوو دەیەوێت هاوکێشەیەکی نوێ بۆ عێراق دابڕێژێت و هاوسەنگیی هێز و دەسەڵات بۆ پێکهاتەکانی بگەڕێندرێتەوە. ئەمریکا خوازیاری عێراقێکە کە لەگەڵ خواستەکانی ئەودا بێت و چیدی شەڕی بە وەکاڵەت بۆ نەیاری ئەمریکا نەکات، هاوکات کارتێکیش نەبێت بۆ لاوازکردنی سزاکانی خۆی کە بەسەر ئێرانی دەسەپێنێت.
لە ئەمریکا لەسەر ئاستی باڵای بڕیاردان، وەزارەتی دەرەوە، نێردە دیپلۆماسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە عێراقیش باڵیۆز و تەنانەت لە کۆشکی سپی، پێزانین و ڕەزامەندیی زۆریان لەسەر هەنگاو و کارنامەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە، لە پاراستنی هاوسەنگیی هەرێمی، وڵاتانی دراوسێ، ڕاگرتنی پەیوەندیی هەولێر و بەغدا و لەناوخۆی هەرێمیش هاوسەنگیی نێو لایەنە سیاسییەکان، تەنانەت یەکە سەربازییەکانیش لە ئەدای ناوبراو بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە هەرێم ڕازین.
ئەوان لە ڤیژن و ئایدیای نێچیرڤان بارزانی تێگەیشتوون، دەشزانن ئەو کارەکتەرەیە کە ئەوان پێویستیانە لە عێراق و ناوچەکەدا ھەمیشە پێشەنگیی ھەبێت، ئیعتیباری زۆریان لەسەری هەیە و کارەکتەرێکی متمانەپێکراوە بۆ ئەمریکا بۆ ئێستا و لەئەگەری پێشهاتی نوێ و هەر گۆڕانکارییەکی سیاسی لە ناوچەکدا.