ڕێککەوتنە مێژووییەکەی هەولێر و بەغدا لەسەر نەوت

کامیار دێرانەیی

دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ڕاگرتنی، بڕیارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، ئەوەش دوای ڕێککەوتنێکی گرنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمپانیا نێودەوڵەتییە نەوتییەکان. ئەم هەنگاوە مێژووییە خاڵی وەرچەرخانە بۆ کەرتی وزەی ناوچەکە و بەڵێنی دەرفەتی نوێ دەدات بۆ گەشەی ئابووریی هەرێم و فیدراڵ و سەقامگیریی ناوچەکە.

ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی بە ناکۆکییەکی درێژخایەن دەهێنێت لەسەر هەناردەکردنی نەوت و دابەشکردنی داهاتی نێوان هەولێر و بەغدا. بەپێی ڕێککەوتنەکە، سەرجەم نەوتی خاو کە لە هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت (بەبێ بەکارهێنانی ناوخۆیی) لە ڕێگەی بازاڕی نەوتی دەوڵەتی عێراق – سۆمۆوە هەناردە دەکرێت و دەفرۆشرێت، ئەمەش شەفافیەت و بەڕێوەبردنی ناوەندگەرایی داهاتەکان مسۆگەر دەکات.

ڕێککەوتنەکە لە 23ی ئابی 2025ەوە دوای کۆبوونەوی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دەستی پێکرد، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستانیان کرد. ڕۆژی دواتر 24ی ئابی 2025 باڵیۆزی ئەمەریکا ڕاستەوخۆ لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لەوێدا باس لە رێککەوتنی سێ لایەنی و دانوستان کرا و باس لەوە کرا کە بە زووترین کات دەبێت هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە. هەر لە دوای کۆبوونەوەکە، نووسراوێک لە وەزارەتی نەوتی عێراقەوە بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمیان ناردووە و باس لەوە کراوە کە بەغدا ئامادەی رێککەوتنە. ئەمەش بە ڕوونی ئەو ڕۆڵە سەرەکییە دەردەخات کە سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بینیویەتی لە کۆکردنەوەی هەموو لایەنەکان و گەیاندنی ئەم ڕێککەوتنە گرینگە، هەروەها کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت وەک DNO و Genel Energy بەشداری گفتوگۆکانیان کرد. لە کاتێکدا کە چەند وردەکاری وەک پاشەکەوتی قەرزاری بەرهەمهێنەران هێشتا کاری لەسەر دەکرێت، بەڵام ئێستا گرێبەستەکە وایکردووە دەست بە هەناردەکردنی نزیکەی 230 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بکرێت تا کۆتایی ساڵ.

پێشبینی دەکرێت دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت داهاتی زۆر پێویست بخاتە ناو ئابووریی هەرێمی کوردستان و شەفافیەتی کەرتی وزە بەهێزتر بکات و پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی باشتر بکات. چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ڕێککەوتنە ڕەنگە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی داهاتوو لەسەر سامانە سروشتییەکانی ناوچەکە.

ئەم ڕێککەوتنە مێژووییە تەنها پەیوەندی بە دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتەوە نییە؛ دەستپێکردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە هاوکاری و سەرکردایەتی و پێشکەوتنی ئابوورییە بۆ کوردستان. بە جێبەجێکردنی ورد، ڕێککەوتنەکە دەتوانێت بۆ ساڵانی داهاتوو ببێتە هۆی سەقامگیری و دووبارە بوژاندنەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان.