هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی بە تۆمەتی ناوزراندن و تێکدانی شیرازەی خێزان و کۆمەڵگا چوار تیکتۆکچی دەستگیرکرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلولی 2025 سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند؛ ، ئەو تیکتۆکچیانە کە باس لە دەستگیرکردنیان دەکرێت، لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیر نەکراون، بەڵکو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دیکەوە دەستگیر کراون و نەهێنراونەتە بنکەکانی پۆلیس لە سلێمانی.
داڵ میدیا زانیوویەتی دوو لە تیکتۆکچییەکان لەسەر ناوزڕاند دەستگیرکراون و دووەکەی دیکەش لەسەر لەسەر لادان لە بەها کۆمەڵایەتییەکان دەستبەسەر کراون و تیکتۆکی هەر چواریان داخراوە.
لەلایەکی دیکەوە داڵ میدیا زانیوویەتی، دوو لەو تیکتۆکچییانە، لە لایڤی ڕاستەوخۆ هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی وێنەی نەشیاویان لە چەند کەسێک کردووە کە کەسانی ناسراون.
ماوەیەکە دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان چاودێریان لەسەر تیکتۆکچی و لایڤچییەکان داناوە، هەر کەسێک دوور لە بەها ئەخلاقی و خێزانییەکان مامەڵە بکات دەستگیر دەکرێت و لە ماوەکانی ڕابردووشدا چەندین تیکتۆکچی دەستگیرکران و ئەکاونتەکانیان لەلایەن ئاسایش داخراوە.