سێ کەس بە تۆمەتی کوشتنی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم دەستگیر کران

بە تۆمەتی کوشتنی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم، کەسایەتی دیاری دەڤەری گەرمیان، سێ کەس دەستگیر کران، یەکێکین لە بەغدا و یەکێکی دیکەش لە کفری.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی ئەیلولی 2025 میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە؛ لە بەغدا کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم دەستگیر کرا و تۆمەتبارەکە لە فڕۆکەخانەی بەغدا بووە و نیازی چوونە دەرەوەی وڵاتی هەبووە.

لەلایەکی دیکەوە داڵ میدیا زانیوویەتی هاوکات بە دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەی بەغدا، کەسێکی دیکەش لە شاری کفری بە هەمان تۆمەت و تێوەگلان لە کەیسی کوژرانی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم دەستگیرکراوە.

سەرچاوەیەکیش لە پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند؛ تاوەکو ئێستا سێ کەس دەستگیرکراون و یەکێکیان بکوژەکەیە و دووەکەی دیکەش هاوکاری بوون.

داڵ میدیا ئەوەشی زانیوە، تۆمەتبارەکان خزمی یەکترن و بە نەتەوە عەرەبن، پێشتر لای ئەکبەری حاجی ڕۆستەم کاری کشتووکاڵیان کردوو و ماوەی ساڵ و نیوێک دەبێت لای ئەو نەماون.

شەوی دووشەممە 2025-09-22  کەسایەتییەکی دیاری دەڤەری گەرمیان بە [ناوی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم] لە سنووری ئیدارەی گەرمیان کوژرا و دوای سێ کاتژمێر گەڕان، تواندرا تەرمەکەی لە چۆڵەوانیێک بدۆزرێتەوە، پۆلیس ڕایگەیاند؛ ئاسەواری گوللە بە سەریەوە هەیە و دوای کوشتنیشی ئۆتۆمبێلەکەی و دوو مۆبایلی بردراوە.