نوێترین زانیاری دەربارەی کوژرانی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم

ئەکبەری حاجی ڕۆستەم، لە دواوە تەقەی لێکراوە و یەک گوللە بەر پشتی سەری کەوتووە و لە پێشەوەی دەرچووە، دوای کوشتنیشی ئۆتۆمبێلەکەی و دوو مۆبایلی بردراوە.

ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 22ی ئەیلولی 2025، ئەکبەری حاجی ڕۆستەم لە نزیک حەوزێکی ماسی بە دووری 800مەتر لەگوندی ئۆمەربلی، باکووری ڕۆژهەڵاتی قەزای کفری کوژرا.

دوای کوژرانی چەندین گومانی جیاواز بڵاوکرایەوە، بەڵام بەپێی نوێترین زانیاری، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە لە دواوە تەقەی لێکراوە و یەک فیشەکی لێدراوە، کە لە پشتی سەری دراوە و لە پێشەوە دەرچووە.

ڕووداوەکە نزیک کاتژمێر 6:00 بۆ 7:00 ئێوارە بووە، لە دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، ئۆتۆمبێلەکەی و دوو مۆبایلی بردراوە و تەرمی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم لە شوێنی ڕووداوەکە فڕێ دراوە. پاش گەڕانی نزیک سێ کاتژمێر و بێ سۆراغ بوون، تەرمەکەی دۆزراوەتەوە.

داڵ میدیا زانیوویەتی، دەزگا ئەمنییەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان کامێراکانی ڕێگای کفری و سەرقەڵا و هەموو ئەو ڕێگایانەیان هەڵگرتۆتەوە، لە ڕێگای کفری دوانزە ئیمام ئۆتۆمبیلەکە دەرکەوتووە و یەک کەسی تێدابووە.

بەگوێرەی زانیاری دەزگا ئەمنییەکانی سنوورەکە، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی ئەکبەری حاجی ڕۆستەم لە کاتی گەیشتن بە کامێرا، سەری خۆی داخستووە، بۆ ئەوەی کامێراکان نەیگرن و هەر بۆیەش نازاندرێت ئەو کەسەی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی کردووە، بکوژی سەرەکییە یان کەسی زیاتریش دەستیان لەو تاوانەدا هەبووە.

لەلایەکی دیکەوە گومان دەکرێت، ئەنجامدانی ئەو تاوانە پلانێکی داڕێژراوی پێشوەختەی بۆ هەبێت و لە ڕێگەی تەلەفوونەوە، ئەکبەری حاجی ڕۆستەم داوای لێ کرابێت کە بچێتە شوێنی ڕووداوەکە، تاوەکو ئەو تاوانەی بەرامبەر ئەنجام بدرێت و کۆتایی بە ژیانی بهێندرێت.

دەزگا ئەمنییەکان، ئەوەش ئاشکرا دەکەن؛ تاوەکو ئێستا نەزاندراوە بکوژ کێیە و چەند کەس دەستیان لەو کردەی تاوانەدا هەبووە. لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هەوڵ دەدرێت لە نزیکترین کاتدا بکوژ دەستنیشان بکرێت و ئۆتۆمبێلەکە بدۆزرێتەوە.