د. فوئاد حوسێن: ڕێککەوتنەکە زۆر جیاوازە، کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت

 وەزیری دەرەوەی عێراق، دکتۆر فواد حوسێن لە نیوڕۆکەوە ڕایگەیاند؛ ڕێککەوتنی لەم شێوەیە نەبووە و جیاوازە و ئەوانەی بوون بە بنەمای کێشە بۆ ناردنی مووچە چارەسەر بوون، هەروەها ئێستا ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیلە نەوت بەرهەم دەهێندرێت و 50 بەرمیلی بۆ پێداویستیی ناوخۆیە.

ڕۆژی دووشەممە 23ی ئەیلولی 2025 ڕێککەوتنی سێ قۆڵی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکانی نەوت و عێراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم ئەنجام درا.

دەربارەی ئەم ڕێککەوتنە، د.فواد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی میدیایی دا ڕایگەیاند؛ ئەوانەی بوون بە بنەمای کێشە بۆ ناردنی مووچە چارەسەر بوون، ئەمەش واتای ئەوەیە کێشەی مووچەش چارەسەر بووە.

وەزیری دەروەی عێراق دەربارەی ڕێککەوتنەکەش دەڵێت؛ ئەمە ڕێککەوتنێکی گرنگە، ئاسان نەبوو، کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستانن، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم گفتوگۆی دوور و درێژیان کرد، هەردوو حکومەت گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ئەو پرسە، بەڵام کێشەیەک روویدا، چونکە کۆمپانیاکان داوای ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵییان کرد، لە دەرئەنجامدا گەیشتنە ڕێککەوتن و واژۆیان کرد.

لە کۆتاییدا د.فواد حوسێن جەخت لەوە دەکاتەوە، ڕێککەوتنی لەم شێوەیە نەبووە و جیاوازە، ڕێککەوتنەکە زۆر جیاوازە، ئەمە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا و هەر دوو حکومەتە لەگەڵ کۆمپانیاکان، بابەتی داهاتە نانەوتییەکانیش هەیە و پێم وابێت چارەسەر بووە.

بڕیارە لە چەند ڕۆژەی داهاتوو هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکاتەوە، بەپێی ئەم ڕێککەوتنە لە نەوتی بەرهەم هێندراو ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل بۆ داهاتی ناوخۆ دەگێڕدرێتەوە و جگە لەم بڕە نەوتە، تەواوی نەوتی بەرهەم هێندراو ڕادەستی بەغدا دەکرێت.