بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی ئاژانسی هرانا کە لە 37مین ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ئێران بڵاوکراونەتەوە، کۆی گشتی گیانلەدەستانەکان گەیشتووەتە 6854 کەس و لەنێویشیاندا سەدان منداڵ هەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 3ی شوباتی 2026, ئاژانسی چالاکوانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) ڕایگەیاند: هەر لە ڕۆژی دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران تاوەکو ئەمڕۆ کە دەکاتە ڕۆژی 37مین، 6854 کەس کوژراون، کە 214 کەسیان سەر بە هێزەکانی حکومەت و 58 کەسی مەدەنی تۆمارکراون، کۆی ژمارەکەی دیکە پێکدێن لە خۆپیشاندەران.
ئەو ئاژانسە ئاشکرای دەکات، ” 152 منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ لەنێو ژمارەی کوژراواندا هەن. هەروەها 11 هەزار و 280 حاڵەتی دیەکش لەژێر لێکۆڵینەوەدان.”
هرانا ڕاشیگەیاند: لەماوەی خۆپیشاندانەکاندا 50 هەزار و 235 کەس دەستگیرکراون کە 106یان قوتابین، 303 کەس دانپێدانانی زۆرەملێیان پێکراوە و 11 هەزار و 46 کەسيش بانگێشتکراون.
لە 37مین ڕۆژی خۆپیشاندانەکان، چەندین بەیاننامە بڵاوکراونەتەوە و هۆشداری ئەوە دەدەن بەرپرسیاریەتییەکە لە ئەستۆی ئەو کەسانە دەبێت کە بڕیاردەرن لەم کۆمەڵکوژییە. یەکێک لە بەیاننامەکان لەلایەن گروپی پزیشکانی چاو لە ئێران بڵاوکراوەتەوە و دەڵێت: ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی توشی کوێری هەمیشەیی بوون و بەکارهێنانی چەک هۆکاری سەرەکییە.
لەلایەکی دیکەوە ڕاپۆرتە هەواڵەکان ئاشکرای دەکەن، دەستگیرکردنی هاووڵاتیان لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە، لەنێو خوێندکاران، نووسەران، مامۆستایان و کەسایەتییەکان ئەم پڕۆسەیە ئەنجام دەدرێت.