کەسێک لەژێر ناوی ژینگە پارێزەوە 150 هەزار دینار جەژنانەی لە هاووڵاتییان وەرگرتووە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ تۆمەتبارێک بەتۆمەتی وەرگرتنی پارەی جەژنانە لەهاووڵاتییان بەناوی کۆمپانیای پاککەرەوە دەستگیرکرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئاداری 2026 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند: “مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی بەڕێوەبەرایەتیمان ئاگادارکرانەوە کە کەسێک لە گەڕەکی ‘زەرگەتە’ی شاری سلێمانی بەناوی کۆمپانیای پاککەرەوەوە پارەی جەژنانەی لەهاووڵاتییان وەرگرتووە. دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنەکە و توانییان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن.”

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، “تۆمەتبارەکە ناوی (ر، أ، خ) لەدایکبووی ساڵی 2002 و دەستگیرکراوە و توانیویانە دەستیشبگرن بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا کە لەهاووڵاتییانی وەرگرتبوو, کە بڕەکەی نزیکەی 150 هەزار دینار بووە.”

لە کۆتایشدا پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی ڕاگەیاند، “پاش ئەوەی تۆمەتبار ڕادەستی بنکەی پۆلیسی بەختیاری کرا، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە ڕێکخراو لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 240 لەیاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.”