لە پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووداوێکی هاتووچۆ ڕوویدا؛ 15 ئۆتۆمبێل پێکیاندادا و 17 کەس برینداربوون.
ڕووداوەکە شەوی ڕابردوو ڕوویداوە و ئەمڕۆ دووشەممە 22ی ئەیلولی 2025 حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری پارێزگای ورمێ ڕایگەیاند؛ ڕووداوەکە لە ناوچەی قوشچی لە رێگای نێوان ورمێ-سەڵماس ڕوویداوە و 15 ئۆتۆمبێل پێکیانداداوە، بەهۆیەوە 17 کەس برینداربوون کە لە لایەن تیمەکانی مانگی سوور و فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانە گوێزراونەتەوە.
حەمید مەحبووبی دەربارەی هۆکاری ڕووداوەکە ڕایگەیاند؛ هەرچەندە لێکۆڵینەوەکان دەستی پێ کردووە، بەڵام بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان، خراپی دۆخی کەشوهەوا هۆکاری ڕووداوەکە بووە.
لەلایەکی دیکەوە، کەشناسی ورمێ دەربارەی خراپی دۆخی کەشوهەوا دەڵێت؛ لە سەرەتایی ئەم هەفتەیە باران و بەفر لە ناوچە سارد و کوێستانییەکان دەستی پێ کردووە و پلەکانی گەرما لە تەواوی ناوچەکان دابەزیوە.
ئەم ماوەیە ڕووداوی هاتووچۆ بەرۆکی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووە و بەگوێرەی ئامارەکانی پارێزگای سنە، تەنها لە هەفتەی ڕابردوو زیاتر لە 500 کەس بەهۆی ڕووداوی هاتووچۆ برینداربوون.