پسپۆڕێکی شێرپەنجە لە ئەمریکا ڕایدەگەیێنێت، نەخۆشی پڕۆستات لە نێو پیاواندا بە دووەم هۆکاری مردنی شێرپەنجە دادەندرێت و ئێستا لە ئەمریکا و جیهانیش پلەی یەکەمی وەرگرتووە لەنێو هەموو شێرپەنجەکانی پیاواندا.
پڕۆفیسۆر د. کلارک هێنێگان، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو و پسپۆڕی وردی شێرپەنجە لە سەنتەری پزیشکیی میسیسیپی لە ئەمریکا دەڵێت؛ “پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی پڕۆستات بایەخێکی زۆری هەیە و وادەکات ئەگەری مردن بە شێرپەنجەکە یاخود ئەگەر تووشبوون بە نیشانە مەترسیدارەکانی کەم ببێتەوە.”
ئەو پسپۆڕە جەخت لەوەش دەکاتەوە، لە ئێستادا شێرپەنجەی پڕۆستات لەنێو پیاوان لە دوای شێرپەنجەی سییەکان بە پلەی دووەمی ئەو شێرپەنجانە دێت زۆرترین مردنی لێ دەکەوێتەوە.
د. کلارک هێنێگان، نموونەیەکیش بۆ قسەکەی دەهێنێتەوە و دەڵێت: لە ویلایەتی میسیسیپی کە نزیکەی 3 ملیۆن دانیشتووانی تێدایە، ساڵانە 2 کەس لەکۆی 1000 پیاو بەهۆی پشكنینی پێشوەختەی پڕۆستات ژیانیان لە مردن رزگار دەکرێت. هەر بۆیەش ئەم پشکنینە بە کارێکی گرنگ دەزانێت.
نیشانەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات چیین ؟
نیشانە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی پڕۆستات؛
ئازار لەکاتی میزکردن
بوونی خوێن لە میز و سپێرم
لاوازیی رەپبوونی چووک
ئاوهاتنەوە بە ئازار
نیشانە پێشکەوتووەکان؛
ئەستووربوونی پێیەکان
شکانی ئێسکەکان و ماندووبوون
دابەزینی کێش
تێکچوونی هەرس
گرووپە مەترسیدارەکان؛
ئەوانەی لە خێزانەکانیان تووشبوو هەیە
بەساڵاچووان
لێکەوتەکانی شێرپەنجەی پڕۆستات؛
بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە
لاوازیی توانای سێکسی
میز رانەگرتن
پێشگیریکردن لە شێرپەنجەی پڕۆستات؛
پشکنینی پێشوەختە
خۆراکی تەندروست
کێشڕێکی
وەرزش و چالاکیی جەستەیی
خەوی رێک