نزیک 600 تۆن برنجی ئەمریکی گەیشتۆتە سنووری عێراق بۆ دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییان و بڕیاری لێبڕین و زیادکردنی پارەی بەشەخۆراک جێبەجێ دەکرێت.
وەزارەتی بازرگانی عێراق، ڕۆژی سێشەممە 16ی ئەیلولی 2025 بڵاویکردەوە؛ بڕى 574،999 تۆن برنجی ئهمهریكى گهیشتووهته عێراق و له بهشهخۆراكى مانگى نوێ دابهشدهكرێت بهسهر هاووڵاتییان.
ئەمە لەکاتێکدایە لە 01-09-2025 کۆبوونەوەی ژمارە 28ی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری بەرێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی نوێ لەبارەی بەشەخۆراکی مانگانە درا و لە نووسراوێکدا بڵاوکرایەوە، “بڕی ئەو پارەیەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت زیاد دەکرێت؛ بۆ هەر کەسێک 1,000 دینار وەردەگیرێت، بەو مەرجەی وەزارەت پارەکە بۆ دابینکردن و باشترکردنی بەشەخۆراک بەکاربهێنێتەوە.” پێشتر ئەو بڕە پارەیە 500 دیناری عێراقی بوو.
دەربارەی بڕینی بەشەخۆراکی کۆمەڵێک فەرمانبەر، لە کۆبوونەوەی ژمارە 28 بڕیاردرا بە ڕاگرتنی بەشەخۆراکی ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانە کە مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار زیاترە (تەنیا مووچەخۆرەکە دەگرێتەوە و ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی بەشەخۆراکیان وەر دەگرن).
لە بڕیارێکی دیکەدا هاتووە، ئەو فەرمانبەر و خانەنشینانەی مووچەکەیان لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دینار زیاترە لەگەڵ “خاوەن کۆمپانیا و بەڵێندەرەکان” ، بەشەخۆراکی مانگانەی خۆیان و هەموو ئەندامانی خێزانەکەیان ڕادەگیرێت.
بڕیاری لێبڕین و زیادکردنی بڕی پارەی بەشەخۆراکی مانگانەی هاووڵاتییان، لە ڕێککەوتی 01-12-2025ـەوە جێبەجێ دەکرێت.
لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دوو ملیۆن و 74 هەزار و 129 کەس، لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە یەک ملیۆن و 960 هەزار کەس و لە پارێزگای دهۆکیش زیاتر لە یەک ملیۆن و 320 هەزار کەس مانگانە لە ڕێگەی فۆرمی خۆراکەوە بەشەخۆراک وەردەگرن.