وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردۆتەوە، دوو پۆلیسیان سزاداوە بەهۆی ئەوەی “کارتۆنێک شەربەت”یان لە دوو گەنج وەرگرتووە وەکو بەرتیل.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە، 15ی ئەیلولی 2025 ڕایگەیاند؛ “ دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تێیدا دەردەکەوێ یەکێک لە مەفرەزەکانی پۆلیسی هاتووچۆ [کارتۆنێک شەربەت] وەک بەرتیل لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان وەردەگرێ، لێکۆڵینەوە لە وردەکارییەکانی ئەو کەیسە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دەستیپێکرد و تۆمەتباران دەستگیرکران.”
ئەو گرتە ڤیدیۆیەی دوو پۆلیسەکەی لەسەر سزادراوە بەو جۆرە بووە؛ بارهەڵگرێک کە دوو گەنجی لە نێوە، لەلایەن پۆلیسەکان ڕادەگیرێت و ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکەیان لێ وەردەگرن، بەڵام دوو گەنجەکە، کارتۆنێک شەربەت دەدەن بە پۆلیسەکان بۆ وەرگرتنەوەی ساڵیانەکەیان و ئەوانیش قبوڵی دەکەن.
بەم هۆکارە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی یاسایی، دادگای یەکەمی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئەم سزایانەی خوارەوەی بەسەر پۆلیسەکاندا سەپاند؛
سزادانی ڕێپێدراو [فوئاد عەلی حوسێن عەلی] بە زیندانیکردن بۆ دوو ساڵ و سزای دارایی بە بڕی یەک ملیۆن و سەد هەزار دینار، بەپێی بڕگەکانی یاسای سزادان، بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل [کارتۆنێک شەربەت] لە یەکێک لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکەی لە رۆژی 13-9-2025؛ هەروەها بڕیاردرا بە دەرکردنی لە خزمەت وەک سزایەکی لاوەکی.
سزادانی ڕێپێدراو [قەیسەر جومعە کازم حەسەن] بە زیندانیکردنی ئاسایی بۆ [شەش مانگ] بەپێی یاسای سزادان، بەهۆی چاوپۆشیکردنی لە ئەنجامدانی تاوانێک کە دەیتوانی ڕێگری لێبکات و ئاگادارنەکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان پێش بڵاوبوونەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاند؛ ڕێگە نادەین هەندێک مامەڵەی تاکەکەسی لەسەر کارمەندانمان و ئەو خزمەتانەی لە بوارە جیاجیاکانی ژیاندا پێشکێشی دەکەن، هەژمار بکرێ. دڵنیاییش دەدات، “بە تووندی ڕووبەڕووی هەر کەسێک دەبێتەوە کە هەوڵی لەکەدارکردنی ناوبانگی بدات.”