ئینسان بە دەست خۆی نییە لە کوێ لە دایک دەبێت، بەڵام بە دەست خۆیەتی لە کوێ دەژی. ئینسان مافی خۆیەتی بۆ ئەوەی باشتر بژی، بۆ کوێی بوێت، کۆچ بکات. ئینسان مافی ڕەوای خۆیەتی، تا دەژی لە زێدی خۆی دوور نەکەوێتەوە، یان هەر وەختێک ویستی، بۆ کام شوێن دوورە، لە شەققەی باڵ بدات. ئینسان ئازادە، بەڵام ئازادی سنووری هەیە، یەکێک لە سنوورەکانی ئەوەیە، ئینسان ئازادیی ئەوەی نییە، ئەمە چییە بۆ باشترکردنی ژیانی کۆچ دەکات، ژیانی منداڵەکانی بەرەو ڕووی مەترسییەکی وەها بکاتەوە، ئەگەری ئەوە بەهێز بێت، منداڵێکی ژیانی لە دەست بدات. ئەوە دایک و باوکن منداڵ دەهێننە ژیانەوە، بەڵام داک و باب، مافی ئەوەیان نییە، هەڵەی کوشندەی وا بکەن، بە هۆیەوە گوڵی ژیانی منداڵێکیان هەڵبوەرێت. ئینسان کە بۆ دەربازبوون لە مەترسی، خۆی دەدات بەدەم شەپۆلی کۆچەوە، بۆ ئەوە ڕەو ناکات، ژیانی بکەوێتە مەترسییەوە، بۆ ئەوە کۆچ ناکات، بەرەو ڕووی مەرگ ببێتەوە، بۆ ئەو کۆچ دەکات خۆی لە مردن بپارێزێت.
کۆچ دەشێت بە قازانجی ئەدەب بکەوێتەوە، دەستۆیفسکی کە لەتاو ئەوانەی قەرزیان لەکنی بوو هەڵدەهات، لە تاراوگە جوانترین ڕۆمانی دەنووسی، ئاخر (قومارچی) و (شەیتانەکان)ی لە ئەڵمانیا نووسیوە. (ستریندبێرگ)ی مەزنترین ئەدیبی سوێدییش گەلێک لە کارەکانی لە دەرەوەی وەڵات نووسیون و (دۆن کیخۆتە)ی (سێرڤانتس)یش هەر دەڵێیت بەرهەمی کۆچ و سەفەر و دەربەدەرییە. سەفەر بکە، ئاخر گارسیا گابریڵ مارکیز کۆلۆمبیایی، ڕۆمانی (سەد ساڵ دوورەپەرێزی)ی لە مەکسیک نووسیوە. هانز کریستیان ئەندەرسن کە یەکێکە لە نووسەرە هەرە ناسراوەکانی سکەندەنافیا، پێمان دەڵێت: ئەگەر دەتەوێت بژیت، بڕۆ سەفەر بکە! ئاخر بەهۆی سەفەرەوە لە مانای ژیان تێدەگەیت. سەفەر بکە! بەڵام سەفەری وا نا، لەم یان ئەو زەریادا بخنکێیت، یان لەسەر ئەم یان ئەو سنوور ڕەق ببیتەوە.
ئەگەر لە ماڵی خۆتدا دابنیشت و دەرگا لەسەر خۆت دابخەیت، بە هیوای ئەوە مەبە، لەناکاو فریشتەی بەخت لە دەرگات بدات، ئەوە تۆیت دەبێت بچیت بەدوای بەختی خۆتدا بگەڕێت. پاوڵۆ کۆیلۆ لە ڕۆمانی (کیمیاگەر)دا پێمان دەڵێت: بۆ ئەوەی خەونەکانت بەدی بێن، مەوەستە، بڕۆ، سەفەر بکە! بەڵام سەفەری وا نا، بە پەشیمانی و سەرگەردانی دوایی بێت. ڕێی سەفەر بگرە بەر، بەڵام ئەو ڕێیە نا، دەتباتە سەر پەرژینێک لە دڕکی ئاسنین. سەفەر بکە لەو سەفەرانەی لێوانلێون لە کوتوپڕی و بەردەوام بە شتی نوێ ئاشنات دەکەن. سەفەر بکە، سەفەریش وەک خوێندنەوە، کارێک دەکات خونچەی ئاوەزت بگەشێتەوە.
حەمەسەعید حەسەن