لە نوێترین بڕیاری حکومەتی ئەفغانستان سەردانی زاوای بۆ ماڵە خەزورانی لە پێش ئاهەنگی هاوسەرگیری و لە رۆژی هاوسەرگیریشدا قەدەغەکرا.
بڕیارەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 10ی ئەیلولی 2025 لە ڕۆژنامەی فەرمی حکومەتی ئەفغانستان بە ناوی هەشتی (سبوح) بڵاوکراوەتەوە. بڕیارەکە لە ویلایەتی پاکتیکا کە یەکێکە لە ویلایەتەکانی ئەو وڵاتە دەرکراوە و بەتەواوەتی جەخت لەوە دەکاتەوە؛ پێش ئەنجامدانی هاوسەرگیری و تەنانەت ڕۆژی هاوسەرگیریش زاوا بۆی نییە سەردانی ماڵە خەزوران، واتا خێزانی ئەو کچەی کە بڕیارە ژیانی هاوژینی لەگەڵ پێکبهێنێت بکات.
ڕۆژنامەی هەشتی، بڕیارێکی دیکەشی بڵاوکردۆتەوە و ئەمەیان پەیوەستە بە بڕی مارەی هێنانی ژنی دووەم. لە بڕگکانی ئەم بڕیارەشدا هاتووە؛ هەر پیاوێک بیەوێت ژنی دووەم بهێنێت، مەرجە بڕی 500 هەزار پارەی ئەفغانی کە دەکاتە زیاتر لە 7 هەزار دۆلار بکاتە مارەیی بۆ بوکەکە.
سەرەڕای ئەم بڕیارانە، حکومەتی ئەفغانستان جەخت لەوە دەکاتەوە، لە کاتی ئەنجامدانی ئاهەنگی هاوسەرگیری، نابێت لە سێ ئۆتۆمبێل زیاتر بەشداری ئاهەنگەکە بکەن.