مووچەی 14 مانگی بەشێک لە مووچەخۆران گەڕایەوە

نزیکەی هەزار پێشمەرگەی خانەنشین 14 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە. بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگەش دەڵێت: “مانگی سێ و چوار هەموویان مووچە وەردەگرن.”

ئەمڕۆ یەکشەممە 5ی نیسانی 2026 فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە ڕایگەیاند: “ئەم مانگە مامەڵەی هەموو ئەو خانەنشینانە تەواو کرا کە 14 مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و هیچ مامەڵەیەکیان لای ئێمە نەماوە.”

فەتحوڵڵا عومەر گوتیشی: “مانگانە هەر جارە و کۆمەڵێك لەوانەی مامەڵەیان تەواو کراوە مووچەیان وەرگرتووە. ئێستاش لەو هەزار کەسەی تاوەکو ئەمڕۆ مووچەیان وەرنەگرتووە، بەشێکیان مووچەیان بۆ بەستراوە و لە مووچەی مانگی سێ دا مووچە وەردەگرن.”

جێگری بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگە باسی لەوەش کرد، “بۆ مووچەی مانگی چوار هیچ خانەنشینێک نامێنێ مووچەکەی وەرنەگرتبێ، واتە ئەوانەی مانگی سێ بۆیان نەبەستراوە، بە دڵنیاییەوە بۆ مانگی چوار بۆیان دەبەسترێ و مووچە وەردەگرن.”

بەهۆی گواستنەوەی مامەڵەکانیان لە وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و ئەنجامدانی چەند ڕێکارێکی یاسایی و کارگێری، خانەنشینان مووچەکانیان دواکەوتووە.