لە مانگی داهاتوودا تەنها پارەی 14 ڕۆژی کارەبا لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی حکومەت ئەمڕۆ لەسەر گرانی کارەبای 24 کاتژمێری هاتە دەنگ و دەڵێت: “بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی نرخی کارەبا نەکراوە، بگرە وەزارەتی کارەبا دەسەڵاتی گۆڕینی نرخی نییە و ئەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت.”

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی شوباتی 2026 عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: “پسوولەی ئەم مانگەی هاووڵاتییان کرێی 46 ڕۆژی ڕابردووی تێدایە، ئەوەش بەهۆی فراوانبوونی سیستەمەكەوە و  چاپکردنی پسوولەکان بووە، بەڵام لە مانگی داهاتوو تەنها پسوولەی 14 ڕۆژیان بۆ دەچێتەوە.”

عەزیز ئەحمەد گوتیشی: “ ئەو زیادەیەی ڕۆژەکان (16 ڕۆژەکە) نابێتە هۆی ئەوەی هاونیشتمانییان بچنە نێو تاریفەی گرانتر و 400 کیلۆواتی یەکەم بۆ 30 ڕۆژ هەژمار دەکرێت و ڕۆژە زیادەکانیش بە هەمان نرخی هەرزان هەژمار دەکرێن.” 

جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی حکومەت گرانی نرخی کارەبای بۆ دوو هۆکار گەڕاندەوە، یەکەمیان بەهۆی وەرزی زستانەوە خواست لەسەر کارەبا زیادیکردووە، هۆکاری دووەمیشی گەڕاندەوە بۆ ماوەی خوێندنەوەی پێوەری کارەبا، كە ئەم مانگە بەهۆی فراوانبوونی سیستەمەکەوە، پسوولەکان بۆ ماوەی 46 ڕۆژ هاتوونەتەوە نەک 30 ڕۆژ.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا عەزیز ئەحمەد دەڵێت: حکومەتی هەرێم لە بابەتی داشکاندن بۆ هاووڵاتییان کەمتەرخەم نەبووە و داشکاندنی لە 20٪ی بۆ پسوولەی داهاتوو کردووە. هەر هاووڵاتییەک لە ڕێگەی (ئی-پسوولە)ـەوە كرێی كارەبا بدات داشكاندنەكە دەیگرێتەوە.

ئی پسوولە E-Psule ماڵپەڕێکی خزمەتگوزاریی حکومییە، کە هاووڵاتیان لە ڕێگەیەوە دەتوانن پارەی پسوولەکان و خزمەتگوزارییەکان بە ئۆنڵاین و کەمترین کات بدەن. هاوکات هیچ کرێیەک نایەتە سەر پارەدانەکە و پڕۆژکە ڕاستەوخۆ لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.