کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لە قەزای کفری سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کوژرانی کجێکی 21 ساڵ و برینداربوونی سێ کەسی دیکەی لێ کەوتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 8ی ئەیلولی 2025 پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند: شەوی ڕابردوو لە گەڕەکی ئیمام محمد لە قەزای کفری دوو گەنج هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک و بە چەقۆ هێڕش دەکەنە سەر ئەندامێکی خێزانەکە و لە ئەنجامدا کچێک گیان لەدەست دەدات و سێ ئەندامی دیکەی خێزانەکە بریندار دەبن.
پۆلیسی گەرمیان دەربارەی کوژراو و بریندارەکان ڕایگەیاند، لە ئەنجامی شەرەکە “کچێکی ئەو ماڵە بەناوی [ئالا عەباس حمید] لەدایکبووی ساڵی 2004 گیانی لەدەستدا و دایک و باوک و برایەکیشی برینداربوون.”
لەلایەکی دیکەوە ڕەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار ڕایگەیاند؛” بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێ بریندار لە کفرییەوە هێنرانە نەخۆشخانەکەمان کە بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە شەڕ کەوتبووە نێوانیان.”
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە دەڵێت،”بریندارەکان دوو پیاو و ئافرەتێک بوون. ئافرەتەکە بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.” و “دوو پیاوەکەش ڕەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کران بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە.”
پۆلیسی گەرمیان زانیاری دەربارەی بکوژەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت،” دوو گەنجەکە برای یەکترین و پێشتر لەگەڵ ئەو ماڵەی هێرشیان کردۆتە سەر کێشە لەنێوانیاندا هەبووە.”