یەکێتیی زانایانی ئایینیی: نوێژی مانگگیران بکەن 

فەلەکناسان پێشبینی ئەوە دەکەن ئەمشەو مانگگیران ڕوودەدات و یەکێتیی زانایایی ئاینیی کوردستانیش دەڵێت، سونەتە نوێژی مانگگیران بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی ئەیلولی 2025 یەکێتیی زانایانی ئاینیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ “مانگگیران و خۆرگیران دیاردەی گەردوونی و سرووشتین. لە فەرهەنگی ئیسلامدا دوو نیشانەی گەورەن لە نیشانەی دەسەڵاتی خودا، بۆیە لەم کاتەدا نوێژ، زیکر، پاڕانەوە و ئیستغفارکردن سوننەت و پێویستە”.

یەکێتیی زانایان دەربارەی نوێژی مانگگیران دەڵێت،” لە روانگەی هەستی دیندارییەوە، داوا لە مامۆستایانی ئایینی و موسڵمانان دەکەین، سوننەتی نوێژی مانگگیران زیندووبکەنەوە و نزای خێر بکەن.”

لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی ڕێکخراوی فەلەکناسی کوردستان، ئەژی چەتۆ ڕایگەیاند؛ “ مانگگیران ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتژمێر 6:28 خولەک دەست پێ دەکات، بەڵام تاوەکو 7:30 خولەک بە چاو نابیندرێت.”

ئەژی چەتۆ ئاماژەی بەوەش دەکات: مانگگیران لە کاتژمێر 9:11 خولەک دەگاتە لوتکە و پاشان بە چەند قۆناغێک مانگ دەکرێتەوە و لە کاتژمێر 11:55 خولەکی شەودا بەتەواوەتی دەکرێتەوە و مانگگیران کۆتایی دێت.

مانگگیران کاتێک ڕوودەدات کە مانگ و خۆر بکەونە سەر یەک هێڵیی تەریب و زەوی بکەوێتە نێوان مانگ و خۆرەوە، هەروەها ئەو مانگگیرانەی ئەم شەو لە تەواوی جیهان نییە، خەڵکی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێكی ئەوروپا، ئەفریقیا، ئاسیا و بەشێکی ئوسترالیا دەیبینن.