پۆلیسی سۆران: ئەو کەسەی ماڵەکەی بۆ لەشفرۆشی بەکاردەهێنا دەستگیرکرا

دوو کەس بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماڵەکەیان بۆ کاری لەشفرۆشی و هێنانی ئافرەت لە دەرەوەی شار لەلایەن پۆلیسی سۆران دەستگیرکران.

ئەمڕۆ سێشەممە، 2ی ئەیلولی 2025 بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران ڕایگەیاند؛ “ دوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ماڵێک لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری سۆران، دوو تۆمەتبارمان بە تۆمەتی بەکارهێنانی ماڵەکەیان بۆ کاری لەشفرۆشی بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکرد.”

بەگوێرەی بڵاوکراوەکەی پۆلیسی سۆران، “ خاوەن ماڵەکە چەندین ئافرەتی هێناوەتە ماڵەکەی و کاری لەشفرۆشیان ئەنجامداوە بەرامبەر بە بڕێک پارە، وە ماڵەکەی وەک شوێنی لەشفرۆشی بەکارهێناوە.”

پۆلیسی سۆران ئەوەشی ڕاگەیاند: ئەو ئافرەتانەی بۆ ئەم کارە بەکاری هێناون دانیشتووی دەرەوەی شاری سۆرانن.

دوو تۆمەتبارەکە بە دوو ماددەی جیاواز دەستگیرکراون، بەناوەکانی [ط.م.ف] بەپێی ماددە  3 و [ز.ج.ح] بەپێی ماددە 4 لە یاسایی بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی. هەروەها تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکەیان ناوە و بە بڕیاری دادوەر ڕاگیراون.