لە ناوچە شاخاوییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 130 هاووڵاتی رزگارکراون و بەشێکیان پێشمەرگە بوون کە لەنێو سەرماو سۆڵە و بەفر گیریان خواردبوو.
ڕۆژی سێشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2026 ڕائید ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە میدیاکانی ڕاگەیاند: لە پشووەکانی سەری ساڵدا تیمەکانیان ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان لە قەزای سیدەکان، هاوینەهەواری بێخاڵ و قەزای مێرگەسۆر ئەنجامداوە بۆ ڕزگارکردنی ئەو کەسانەی بەهۆی بەفربارینەوە گیریان خواردبوو.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ئەوەشی ڕاگەیاند: شەپۆلە توندەکەی بەفربارین هاتووچۆی 800 هاووڵاتی و 400 ئۆتۆمبێلی پەکخستبوو. بەڵام خۆشبەختانە تیمەکانیان لە ئامادەباشی تەواودابوون، کە لە 60 تیمی فریاگوزاری پێکهاتبوون و توانرا سەرجەمیان بە سەلامەتی ڕزگار بکەن.
ڕائید ڕەوەند گوتیشی، لە ماوەی یەک کاتژمێردا زیاتر لە 150 پەیوەندی بۆ داوای بەهاناوەچوون تۆمار کراوە، لە هەوڵی بەردەوامدا دەبین بۆ پاکردنەوەی تەواوی ئەو ڕێگەیانەی بەهۆی بەفربارین هاتووچۆیان ڕاوەستابوو، بەتایبەتی لە سنووری قەزاکانی چۆمان و سیدەکان.
ئەوەی ئاشکرایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی توندی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتەوە، ئاستەنگی هاتووچۆ بۆ هاووڵاتییان دروستبوو بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە لە ناوچە شاخاوییەکان نزیک بوون.