مێرمنداڵێک بە خواردنی ئەندۆمی گیانی لەدەستدا 

مێرمنداڵێکی تەمەن 13 ساڵان لە وڵاتی میسر دوای خواردنی ئەندۆمی نەکوڵاو توشی سگ ئێشەیەکی توند دەبێت و دوای چوون بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات.

لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، میدیاکانی میسر بڵاویانکردەوە؛ کورێک بە ناوی هەمزە بۆ نانی ئێوارە بە سگی بەتاڵ سێ ئەندۆمی خواردووە و لە پاش سگ ئێشەیەکی توند بەهۆی خواردنی ئەندۆمییەکان سەردانی نەخۆشخانە دەکات، بەڵام گیان لەدەست دەدات.

پۆلیسی میسر دەربارەی ئەم ڕووداوە لێکۆڵینەوەی دەست پێ کردووە و پزیشکەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن؛ ڕەنگە بەهۆی خواردنی ئەندۆمی نەکوڵاو، کوڕەکە تووشی گرژبوونی تووندی ڕیخۆڵەکانی بووبێت و کۆئەندامی هەرسی گیرابێت. هەروەها بۆشیان دەرکەوتووە پێکهاتەی ئەندۆمییەکان کێشەیان نەبووە.

ئەمە لە کاتێکدایە هەر کاغەزێکی ئەندۆمی، رێنوێنییەکانی کوڵاندنی لەسەر نووسراوە و شێوازەکانی ڕوونکراونەتەوە، هەروەها کۆمپانیاکانیش خەڵک هۆشیار دەکەنەوە لەوەی کە پێویستە ئەندۆمییەکە بکوڵێندرێت نەک بە کاڵی بخورێت.