دوو سواڵکەر دوو دەفتەر دۆلاریان لە ماڵێک دزیوە

دوو ساواڵکەر لە قەزای سەیدسادق، بڕی زیاتر لە 20 هەزار دۆلار لە ماڵێک دەدزن و پۆلیس دەستگیریان دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 31ی ئابی 2025، بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، “ لەسەر سكاڵای هاوڵاتییەك و لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە دوو تۆمەتبار دەستگیركران.”

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت؛ هاووڵاتییەکە بڕی “20  هەزار و 100 دۆلاری ئەمریکی” لە ماڵەکەی خۆیدا و لە قەزای سەیدسادق لێ دزراوە. پاش تۆمارکردنی سکاڵا هێزەکانمان توانیان بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە بکەن، دوو تۆمەتبارەکە دەستگیر بکەن، کە “ بەناوی دەرۆزەكردنەوە چونەتە ماڵەكەی و پارەكەیان بردووە.”

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی ڕاگەیاند، “ لەئێستادا هەریەك لەتۆمەتباران [ز.ف.أ لەدایكبووی 1968] و [پ.چ.ف لەدایكبووی 1984] كە پیشەیان سواڵکردنە بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون.”

هەروەها پۆلیسی سلێمانی ئەوەش دەڵێت؛ دوو تۆمەتبارەکە دانیان ناوە بەتاوانەكەیاندا و لەكاتی دەستگیركردنیشیاندا دەستگیراوە بەسەر بڕێك لەپارە دزراوەكەدا.

ئەمە لەکاتێکدایە لە ڕێکەوتی 13- 8 – 2025، سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: “دوو هەفتەیە هەڵمەتێکی فراوانمان بۆ دەستگیرکردنی سواڵکەران لەنێو شاری سلێمانی دەستپێکردووە. تاوەکو ئێستا 17 سواڵکەر دەستگیرکراون.”