لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سێیەم گوندی وزەی پاک لەلایەن دەزگای روانگە ڕاگەیەندرا و کارەبای تەواوی گوندەکە لە سووتەمەنییەوە بۆ کارەبای 24 کاتژمێری وزەی خۆر گۆڕدرا.
ئەمرۆ پێنجشەممە، دەزگای روانگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سێیەم گوندی وزەی پاکی راگەیاند و لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت؛ ” وەک بنەما و ستراتیژیەتی نیشتمانی لە بەرامبەر پرسی ژینگە و وزەی پاکدا، لە ڕێگەی پرۆژەیەکی ژینگەیییەوە سەرچاوەی دابین کردنی تەزووی کارەبای گوندی [گرێ بیێ] سەر بە قەزای باتیفا لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە ڕێگەی سووتەمەنییەوە بەتەواوی گۆڕی بۆ وزەی خۆر.”
روانگە فاوندەیشن ڕایدەگەیەنێت، کە پڕۆژەکە 754 ئەمپێر کارەبا دابین دەکات و 43 ماڵ، مزگەوت و قوتابخانە سوودمەند دەبن لە کارەبای 24کاتژمێری لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە.
هەروەها روانگە جەخت لەوە دەکاتەوە، مەبەست لە دابینکردنی تەزووی کارەبا لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە بۆ “پاراستنی ژینگەی گوندەکانی کوردستان و هاندانی گوندنشینانە بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان” ، ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر زیادکردنی بەرهەمی خۆماڵی و ئاسایشی خۆراک دەبێت لە هەرێمی کوردستان.
پڕۆژی وزەی خۆری گوندی [گرێ بیێ] سێیەم پرۆژەی وزەی پاکە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کە لە ماوەی ساڵی 2025 بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی کوردستان لەلایەن دەزگای روانگە ئەنجام دراوە. لە ماوەکانی ڕابردوو هەر یەک لە گوندەکانی [گولەک] لە سنووری هەولێر، [قامیش] لە سنووری پارێزگای سلێمانی تەواوی کارەباکەیان لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە بۆ دابینکرا.

