دووبارە پەڵە ڕەشەکەی دەستی ڕاستی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا دەنگدانەوەی میدیاکانی لێکەوتەوە و دکتۆرەکەی دەڵێت؛ تووشی نەخۆشەییە دەمارییەکان بووە.
ڕۆژی دووشەممە 25ی ئابی 2025 ڕۆیتەرز چەند وێنەیەکی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکای بڵاوکردەوە کە پەڵەیەکی ڕەش لەسەر دەستی ڕاستی دەردەکەوێت و لە چەند وێنەیەکی دیکە ترامپ وەک شاردنەوەی پەڵەکە، دەستی چەپی دەخاتە سەر پەڵە ڕەشەکە.
لەم بارەیەوە ماڵپەڕی “ئیندیا تودەی” لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند؛ دکتۆر شۆن باربابێلا، دکتۆری دۆناڵد ترەمپ بڵاویکردۆتەوە، “ ترەمپ دووچاری نەخۆشی درێژخایەنی دەمارییەکان بووەتەوە، کە بە حاڵەتێکی ئاسایی وەسف دەکرێت، بەتایبەتی لە کەسانی سەروو تەمەن 70 ساڵدا.”
باربابێلا ئاماژەی بەوەش داوە، “پشکنینە پزیشکییەکان هیچ نیشانەیەکی خوێنبەربوونیان نییە.” هەروەها ئیندیا تودەی لە زاری پزیشکەکە ئەوەش ئاشکرا دەکات، “ترەمپ کەمێک ئاوسانی لە بەشی خوارەوەی قاچی هەیە، بەڵام یەکەی پزیشکی کۆشکی سپی بە وریاییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ کردووە.”
ئەمە لە کاتێکدایە، دەرکەوتنی پەڵە رەشەکەی دەستی ترەمپ یەکەم جار نییە، ڕووشانێکی هاوشێوە لە مانگی شوباتی 2025 لەکاتی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن بەدی کرا و بووە خواس و باسی میدیاکان.