دوای زیاتر لە دوو ساڵ ڕاگرتنی پەیوەندی تەلەفۆنی هێڵی کۆڕەک تلیکۆم لەگەڵ هێڵەکانی دیکە، ئەمشەو کێشەکە چارەسەر دەبێت و بەکارهێنەران دەتوانن پەیوەندی بە هێڵەکانی دیکەوە بکەن.
کەمێک لەمەوبەر سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم ڕایگەیاند؛ دوای کاتژمێر 12:00ی ئەمشەو کێشەکانی هێڵی کۆڕەک تلیکۆم بەیەکجاری لە تەواوی عێراق چارەسەر دەبن ئەگەر هیچ کێشەیەک نەیەتە پێش، وە هەر ئەو کاتە کورتە نامەیەک بە دەست هەموو بەکارهێنەرانی کۆرەک دەگات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی داڵ میدیا کە لەو سەرچاوەیە دەستی کەوتووە، تیمێکی کۆڕەک تلیکۆم لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار بە کێشەکان، بەردەوام لە گفتووگۆکردن دان بۆ چارەسەری یەکجاری کێشەکانی هێڵی کۆڕەک لە نزیکترین کاتدا. هەروەها دوای چارەسەربوونی ئەم کێشانە بەکارهێنەران دەتوانن سوودمەندبن لە خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت و پەیوەندیکردن بە هێڵەکانی دیکە.
ئەم کێشانە دوای ئەوە دێت کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2023 دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بەهۆی کەڵەکەبوونی قەرزەکانی چەند سزایەکی بەسەر کۆمپانیای کۆڕەک تلیکۆم سەپاند و لە دیارترینیان ڕاگرتنی پەیوەندی تەلەفۆنی نێوان هێڵی کۆڕەک لەگەڵ هێڵەکانی دیکەی وەکو ئاسیاسێڵ و زین…هتد بوو.