لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای کەلار, منداڵێک لەسەر بانی ماڵی خۆیان دەکەوێتە خوارەوە و پاشان گیان لەدەست دەدات.
کەمێک لەمەوبەر پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، “دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە 19ی ئابی 2025 لە ناحیەی ڕزگاری سەر بە قەزای کەلار, منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵان بەناوی [دەریا هاوڕێ ڕۆستم] هێنرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار کە بەهۆی کەوتنە خوارەوە لەسەربانی ماڵی خۆیان برینداربووبوو.”
لە ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسی گەرمیان هاتووە، “دوای چارەسەری پێویست لە فریاکەوتنی شەهید هەژار، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کرا، بەڵام پاش گەیاندنی بە سلێمانی گیانی لەدەستدا.”
پۆلیسی گەرمیان ئەوەشی ڕاگەیاند؛ لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لێکۆڵینەوە لەسەر چۆنیەتی ڕوودانی ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە.