نووسینی: عەبدولحەمید ئەلغەبین
وەرگێڕان و داڕشتنەوە: نووری بێخاڵی
بێدادی؛ یەکێکە لە دیارترین و گرنگترین ئەو کێشە و گرفتانەی ڕووبەڕووی ئەو کۆمەڵگایانە دەبێتەوە، کە گەندەڵی تیایاندا ڕۆژ دوای ڕۆژ گەشە و تەشەنە دەکات. کاتێکیش ئەو گەندەڵییە کایەی کارگێڕی و ئابووری تێدەپەڕێنێت و دەچێتە ناو سیستەمی سیاسی و کایەی دادوەری، هێندەی تر کۆمەڵگا لەبەر یەک هەڵدەوەشێنێتەوە و بۆشایی و کەلێنی نێوان خەڵک و هاووڵاتی فراوانتر دەبێت. بۆیە بەبێ بوونی دادپەروەری و وەک یەکی لە نێوان تاکەکانیدا، چاکسازیی ڕاستەقینە لە هیچ کۆمەڵگایەکدا سەر ناگرێت.
لە کۆمەڵگایەکدا کە بێدادی وەک خۆرکە لە سیستەمە ئابووری، کارگێڕی، دادوەری و سیاسییەکەی دابێت و گەندەڵی لەناوەوەیدا کرمێی بکات، بەبێ لێپرسینەوە لە گەندەڵکاران و سزادانیان، پرۆسەی چاکسازی مایەپووچە و هەموو هەوڵ و هەنگاوێکیش لەو بوارەدا، شکست دێنێت.
دۆخەکە کاتێک کۆمیتراژیدیتر دەبێت، کە بە ناوی چاکسازی و دژایەتیکردنی گەندەڵی و سزادان، دوای قۆستنەوەی پلە و پۆست و دەسەڵات بۆ تێروپڕبوون و نقوومبوونیان لە گەندەڵی، گەندەڵکارانی ئەم کایانە خانەنشین دەکرێن، بەمەش کەسانی دوای ئەوانیش چونکە ترسیان لە سزادانی یاسایی توند دەڕەوێتەوە، درێژە بە هەمان ئاکار و ڕەفتار دەدەن و لە چاوەڕوانیی سزای خانەنشینکردندا، کاوێژ لەسەر میراتی ئەوانی پێش خۆیان دەکەن، ڕێک وەک ئەوەی کە ماکیافیلی دەیڵێت: “گەندەڵی کاتێک تەشەنە و گەشە دەکات، کە ترس لە سزادان دەڕەوێتەوە!”
ئەفلاتوون یەکەم کەس بوو کە دەرکی بە مەترسیی گەندەڵی لە ژیانی سیاسیدا کرد، کاتێک ئاماژەی بەوە دا کە “گەندەڵیی سیاسی ئەو کاتە ڕوو دەدات، کە کەسەکان لەبری بایەخدان بە بەرژەوەندیی گشتی، بایەخی زیاتر و گەورەتر بە بەرژەوەندییە کەسییەکانیان دەدەن.”
کاتێک سەرنجی دۆخی گەندەڵیی زۆربەی دەوڵەت و کیانە سیاسییەکان دەدەیت، دەبینیت کە لە ڕوانگەی گەندەڵیدا، ماف و ڕەوایەتی بە دەوڵەمەندبوون لە ڕێگای پلە و پۆست و دەسەڵات، دەدرێت. تەنانەت ئەو دەزگایانەش کە گوایە ئەرکیان نەهێشتنی گەندەڵییە، لەبری چاودێریکردن، هەندێک جار وەک ئامرازی تەنگپێهەڵچنین بەکار دەهێنرێن.
بۆیە کە سەرنج لە داڕمانی ئابووری و خراپیی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و تێکچوونی شیرازەی کۆمەڵایەتیی ئەو دەوڵەت و کیانە سیاسییانە دەدەیت، تێ دەگەیت کە هۆکارەکە کەمیی سەرچاوەکان نییە، بەڵکوو خراپ بەڕێوەبردنی ئەو سەرچاوانەیە لە لایەن پێڕێکی گەندەڵ، کە تەنیا وەک سەرزەمینی دەوڵەمەندبوون سەیری نیشتمان دەکەن و وەک مانگا، دایدەدۆشن.