کوردۆ شابان
بۆ پێناسەی وشەی “ناوبانگ” كۆمەڵێک سەرچاوەی زمانەوانی و ڕاڤەیی گەڕام. ویستم شتێكی زیاترم دەست بكەوێت لەوەی لە مێشكی من و ئێوەدا هەیە، بەڵام هیچی لە چوارچێوەی ئەو پێناسەیە دەرنەچوون كە خۆمان دەیزانین، جگە لە وشەكاری نەبێت. ناوبانگ، واتە پانتاییی بڵاوبوونەوەی شتێک یان كەسێک گەیشتووەتە ئاستێک ئیدی جڵەوی بڵاوبوونەوەی لەدەست خاوەنەكەی دەرچووە، لەسەر ئاستی فرەواندا دەبینرێت و گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت.
ناوبانگ دوو جۆرە. ناوبانگی گشتی و ناوبانگی سەبەتەی تایبەت. (وشەی كەتەگۆریم كردووە بە سەبەتە.)
پێش هاتنی سۆشیاڵمیدیا، هەر كەس كە لە بوارێكدا خۆی سەرقاڵ كردووە، حەزی دەكرد لە چوارچێوەی سەبەتەكەی خۆیدا بەناوبانگ بێت، بناسرێت و ببینرێت. لە دوای سۆشیاڵمیدیاوە، دەرفەتی بۆ هەموو كەس دا، لە هەر بوارێكدا كار بكات، ناوبانگەكەی ببێتە گشتی و ئاشكراش بوو، زۆرینە حەزیان لێیە لەسەر ئاستی گشتیدا بناسرێن نەوەک تەنیا چوارچێوە و سەبەتەكەی خۆیان.
ڕێک لێرەدا كێشەی ناوبانگی گشتی لەمەدایە، ئەو كەسە ناچارە (لەبەر ئەوەی خۆی مەبەستی بووە ببێت بە گشتی) بە زمانێک قسە بكات، خەڵكی دەرەوەی سەبەتەكەی خۆشی تێی بگەن. بەرئەنجامی ئەم كێشەیەش لە چیدایە، هەرچەندە بتەوێت ڕوونی بكەیتەوە و لە پانتاییی گشتیدا شتەكانت وەكوو خۆی بگات و نەشێوێت، هەر دەشێوێت و ئەوە نامێنێتەوە كە خۆت مەبەستتە. لە ناوبانگی زۆر فرەواندا، ئیدی دەبێتە جەماوەر. جەماوەر ڕەحم ناكات، كوێرانە پشتت دەگرێت، یان كوێرانە پشتت دەشكێنێت. مرۆڤی ئاقڵ پشتگرتنە كوێرانەكە بە هەمان ئاستی پشتشكاندنە كوێرانەكە لێی دەترسێت و لەدەستی هەڵدێت.
ددانی پێدا دەنێم، سەردەمێک دەمویست ناوبانگی جەماوەری پەیدا بكەم، پێش ئەوەی باش لە بەرەنجامەكەی تێ بگەم. ئێستە كۆشش دەكەم وردە وردە هەموو ئەوانەی كە خوینەر نین، كە حەزیان لە زمان و ئەدەب نییە، كە كتێبەكانم ناخوێننەوە، خۆمیان لێ بەدوور بگرم، پێش ئەوەی بگەمە ئەو قۆناغەی كوالیتیی خۆم بۆ ئەوان لەدەست بدەم.
لە كوردستاندا، جڵەوی پانتاییی جەماوەربوون، بەدەست ئیسلامییەوە، بۆیە دەبینیت ئەوانەی بەناوبانگ بوون، بە ڕاست و درۆ، خەریكی مەرایین بۆ ئیسلام و هیچیشی وا نییە و درۆ دەكەن، چونكە دەزانن تازە جڵەو لەدەست خۆیان نییە و كەی ئەو ئیسلامییانە بیانەوێت، وا لە عەردی دەدەن بە حەیاتی حەوت پشتی خۆی نەگرێتەوە.
خۆی ڕوونتر بیڵێم، پانتاییی جەماوەر لە كوردستاندا، بەدەست ئێرانەوەیە. ئەوان گوریسەكەیان داوەتە دەست ئیسلامییەكان. ئامانجی سەرەكیی ئەم پانتایییە جەماوەرییە، دروستكردنی نائومێدی، سووككردنی قەوارەی هەرێم، دەسەڵاتی كوردی، زەقكردنەوەی لایەنی چەوتی حوكوومەت و شاردنەوەی لایەنی گەشاوە، لە پاڵیدا بایەخدان بە ئایین وەكوو تاكە فریادڕەس. لە كۆمەڵگەی دواكەوتوودا تەنیا ئایین فریادڕەسە. لە كۆمەڵگەی پێشكەوتوودا، ئایین فریادڕەسی ڕۆژی دوایییە نەوەک دونیا.
جاران حەزم دەكرد لایكی پۆستەكانم بگاتە هەزار. ئێستە لێتان ناشارمەوە، بابەتێک لایكەكانی بگاتە دوو سەت، دەترسم. دەڵێم دیارە بە زمانێكی زۆر سادە نووسیومە وا ئەوەندە كەس بەدڵیان بووە!