روانگە فاوندەیشین لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە 591 ئەمپێری کارەبای بۆ گوندی “قامیش”ی سەر بە قەزای ماوەتی پارێزگای سلێمانی دابینکرد.
ئەمڕۆ دووشەممە 18ی ئابی 2025 لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت لە گوندی قامیشی سنووەی قەزای ماوەت، دەزگای روانگە پڕۆژەی ڕووناککردنەوەی گوندەکەی ڕاگەیاند. پرۆژەکە بە پشت بەستن بە وزەی خۆر 591 ئەمپێری کارەبا بۆ 32 ماڵی گوندەکە و مزگەوت، قوتابخانە و بنکەی تەندروستی دابینکرد و لەمەودوا بەتەواوەتی پشت بە وزەی خۆر دەبەستن.
دەربارەی پڕۆژەکە، دەزگای روانگە ڕایگەیاند، “پرۆژەکە خزمەتێکی زۆری بواری ژینگە دەکات بە کەمکردنەوەی ڕێژەی سوتاندنی سوتەمەنی بۆ دەستکەوتنی وزە، لە هەمان کاتدا هانی گوندنشینان دەدات بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان و زیاتر بەرهەمهێنانی بەروبومی خۆماڵی.”

گوندی قامیش، دووەم گوندە لە هەرێمی کوردستان کە دەزگای روانگە تەزووی کارەبای بۆ تەواوی گوندەکە و یەکە خزمەتگوزاریەکان لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە دابین کردوە. ئەمەش لە کاتێکدایە لە ڕێککەوتی 20ی ئایاری 2025 وەک یەکەم گوند لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق، تەزووی کارەبا بۆ گوندی گولەک لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە لەلایەن دەزگای ڕوانگە دابینکرا.

