سالح هەرکی
لە دەیەکانی كۆتایی سه‌ده‌ی رابردوودا، نیولیبرالیزم وەک ڕەچەتەیەکی چاره‌سه‌ریی جیهانی، بۆ گەشەسەندنی ئابووری خرایه روو. ئەم ئایدۆلۆژیا ئابوورییە، بە جەختکردنەوە لەسەر ئازادی بازاڕ و کەمکردنەوەی ڕۆڵی حکوومەت و بە تایبەتکردنێكی بەربڵاو، بەڵێنی گەشەکردن و خۆشگوزەرانی و ئازادی بۆ گەلان جاڕدا. هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا، ته‌نیا وه‌كوو بیرۆكه‌یه‌كی ئابووری له ناوه‌نده زانستییه‌كان و زانكۆكانی ئا‌مریكا و ئه‌ورووپا، شه‌نوكه‌وی بۆ ده‌كرا، به‌ڵام له سه‌رده‌می رۆناڵد رێیگان له ئا‌مریكا و مارگرێت تاچێر له بریتانیا، به ته‌واوی تێكه‌ڵ به سیاسه‌ت كرا و خرایه ناو به‌رنامه‌ی كاری وڵاتان.
ئێستا ده‌مانه‌وێت له‌م كورته باسه، به‌دوای وڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا بگه‌ڕێین، كه ئایا به‌ڵێنه‌كانی پاڵپشتیكارانی ئه‌م بۆچوونه، به تایبه‌ت له وڵاتانی جیهانی سێیەم، جێبەجێ کران؟ ئایا هه‌ر له ده‌وروبه‌ری خۆمان، بازاڕی ئازاد، توانیی ئازادی ڕاستەقینە، بۆ گەلانی وەکو عێراق، ئێران، یان بۆ وێنه، وڵاتێكی وه‌كوو میسر به‌دی بێنێت؟ ئەم نووسینە، بە سوود وەرگرتن لە سێ بەرهەمی گرنگ، كه نیولیبڕازمی ئابوورییان، هه‌ڵسه‌نگاندووه و بەدوواداچوونیان بۆ لێكه‌وته‌كانی كردووه ئاماده كراوه، كه ناوه‌كانیان، له كۆتایی ئه‌م بابه‌ته، تۆمار كراوه.
نیولیبرالیزم، کە ئه‌نجامی هزری ئابووریی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردووە، به كورتی پێیوایە، بازاڕی ئازاد، باشترین ڕێکخەری پەیوەندییە ئابوورییەکانە. دەوڵەت واز له ده‌ستوه‌ردان له بازاڕ بهێنێت و کارگەکانی سه‌ربه دەوڵەت، ته‌سلیمی كه‌رتی تایبه‌ت بكرێن و ده‌روازه‌كانی وڵات به‌سه‌ر وه‌به‌رهێنه‌رانی بیانی بخرێته سه‌رپشت. دووای داڕمانی بلۆکی ڕۆژهەڵات، ئەم مۆدێلە وەک ڕەچەتەیەکی جیهانی بۆ گەشەپێدانی ئابووری، خرایه روو.
دەیڤید هارڤی لە کتێبی كورته مێژووی نیولیبرالیزم، به چاوێكی ره‌خنه‌گرانه له قۆناغه‌كانی پراكتیزه كردنی ئه‌م رێڕه‌وه ده‌ڕوانێت و نیشان دەدات، کە چۆن ئەم به‌رنامه‌یه، لە وڵاتانی جیاواز، به شێوه‌ی جیاواز جێبەجێ کراوه. بەڵام نایشارێته‌وه، كه له زۆربه‌ی وڵاتان، ئه‌نجامه‌كه، به سوودی نوخبەی ئابووری شكاوه‌ته‌وه و زیانی بە چینە كه‌مده‌رامه‌ته‌كان گەیاندووه. ناوبراو، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم مۆدێلە، نەک تەنها دادپەروەریی کۆمەڵایەتی په‌رێشان كردووه، بەڵکو هەڕەشەی بۆ سه‌ر چاره‌نووسی رێكخراوه دیموکراسیەکانیش هه‌بووه.
له راستیدا، لە وڵاتانی جیهانی سێهەم، نیولیبرالیزم نەک هەر گەشەی ئابووریی نەهێنایە ئاراوە، بەڵکو قەیرانی نوێی دروست کرد. هاتنه مه‌یدانی كه‌رتی تایبه‌ت، ئه‌ویش به‌بێ هیچ به‌رنامه و پلانێكی پێشوه‌خته و كەمکردنەوەی بوودجەی گشتیی وڵاتان و پشتبەستن بە وەبەرهێنانی بیانی، بووە هۆی، داڕمانی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی و پەروەردە و هۆكاره‌كانی تری خۆشگوزه‌رانی. له ئه‌نجامدا، نایەکسانی زیادی کرد، گەندەڵیی رێكخراو و به به‌رنامه، بڵاوبووەوە و ئابووریی دەوڵەتەکان، رۆژ له دووای رۆژ، بێهێزتر و لاوازتر بوون.
بۆ وێنه هه‌ر له وڵاتانی ده‌وروبه‌ری خۆمان، لە ئێران، دووای كۆتایی شه‌ڕی ئێران و عێراق، به سه‌رپه‌رشتیی هاشمی ره‌فسه‌نجانی كه ئه‌وكات، سه‌رۆككۆمار بوو، به‌شێكی به‌رچاوی پەروەردە له هه‌موو قۆناغه‌كان و چاودێری تەندروستی به راده‌یه‌كی به‌رچاو، خرایه ژێر كۆنترۆلی كه‌رتی تایبه‌ت و به‌ناوی جێبەجێکردنی سیاسەتی چاكسازیی ئابووری، قوتابخانە حکوومییەکان و زانکۆکانی فه‌رمیی وڵات، ڕووبەڕووی کەمکردنەوەی بوودجە بوونه‌وه. لە ئەنجامدا پەروەردەی ئاستبه‌رز، بوو بە کاڵایەک، کە تەنیا چینە دەوڵەمەندەکان توانای کڕینییان هەبوو. نەخۆشخانە تایبەتەکان، کە ته‌كنه‌لۆژیا و ئیمكانییاتی باشتریان هەبوو، به‌ڵام نرخی خزمه‌تگوزارییه‌كانیشیان له راده‌به‌ده‌ر به‌رزبوو، جێگەی ناوەندەکانی چاودێریی تەندروستی گشتییان گرتەوە. ئەم ڕەوتەش، نەک هەر هەڕەشەی لە یەکسانی پەروەردەیی و چاودێری تەندروستی کرد، بەڵکو بۆشایی و جیاوازیی کۆمەڵایەتی قووڵتر و فراوانتر کردەوە.
لە میسر، دووای چاکسازییە ئابوورییەکانی نەوەدەکانی سه‌ده‌ی رابردوو، كه حوسنی موباره‌ك، سه‌ركێشیی ده‌كرد، پڕۆسه‌ی بە تایبەتکردنی بەرفراوانی كه‌رتی پەروەردە و چاودێری تەندروستی جێبه‌جێ كرا. زانکۆکان بوون به دامەزراوەی بازرگانی و ناوه‌ندی كۆكردنه‌وه‌ی پاره و خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستیی گشتی، زۆر لاواز بوون. ئەنجامەکەشی سه‌رهه‌ڵدانی ناڕەزایەتی گشتی و په‌ره‌سه‌ندنی گرژی و توندوتیژیی کۆمەڵایەتی بوو، کە دوواجار، شۆڕشی ساڵی ٢٠١١ی لێکەوتەوە.
ئەزموونی عێراق، دووای ساڵی 2003 ، نموونەیەکی ڕوونی شکستی نیولیبرالیزمە لە جیهانی سێهەمدا. دووای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ده‌سه‌ڵاتی كاتی و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، به هاوكاریی پۆل بریمه‌ر، بە خێرایی و بە چڕی، سیاسەتی نیولیبراڵیان خسته بواری جێبه‌جێ كردنه‌وه. هه‌رچه‌نده تا ئێستاش، به‌رنامه ئابوورییه‌كانی نیولیبڕالیزم له عێراق، به ته‌واوی جێبه‌جێ نه‌كراون، به‌ڵام له ئه‌نجامی ئه‌و به‌شه‌ی كه جێبه‌جێ كراوه، دامه‌زراوه‌كانی سەر بە دەوڵەت رۆژ له دووای رۆژ بێهێزتر كراون. باجە گومرگییه‌كان، كهموزیاد كراون و وەبەرهێنانی بیانی، بە شێوەیەکی ڕێکنەخراو و دوور له كۆنتڕۆل سه‌رانسه‌ری وڵاتی ته‌نیوه.
كه‌رتی تایبه‌ت كه‌وته كار، به‌ڵام دامەزراندن زیادی نەکرد. بەرهەمی ناوخۆ، نه‌ك زیادی نه‌كرد، بگره كه‌وته به‌ر ره‌حمی به‌رهه‌مه بیانییه‌كان كه به‌بێ به‌رنامه، ئێستاش هاورده ده‌كرێن. بێکاریی بەربڵاو و گەندەڵی و پشتبەستنێکی له راده‌به‌ده‌ر بە هاوردە، ئابووریی عێراقی پەکخستووه. خەڵک کە ماوه‌یه‌كی زۆر، تامەزرۆی به‌دیهاتنی ئازادی و خۆشگوزەرانی بوون، ڕووبەڕووی واقیعێکی سەخت بوونەتەوە. چونكه كاربه‌ده‌ستان ئه‌مه‌یان فه‌رامۆش كردووه، كه بازاڕی ئازاد، بەبێ رێكخستنی زه‌مینه‌ی له‌باری کۆمەڵایەتی و چاودێرییه‌كی چڕ و دیموکراتیانه، تەنیا دەبێتە هۆی خۆشبه‌ختی بۆ نوخبەیهكی سه‌رمایه‌دار، نەک ڕزگاری میللەت.
له كۆتایی، پێویسته دان به‌م راستییه‌دا بنێین، كه بۆ گەلانی جیهانی سێیەم، نیولیبرالیزم راچێتهیهكی ناكارامه و به‌رهه‌مێنی قه‌یران و چاره‌ڕه‌شی بووه. بەڵێنی گەشەکردن و ئازادی لە پراکتیکدا، بووەتە هۆی نایەکسانی و گەندەڵی و داڕمانی کۆمەڵایەتی. ئەزموونەکانی عێراق و ئێران و میسر، كه باسمان كردن و ته‌نیا نموونه‌یه‌كی ساكار بوون، ئەوە دەردەخەن کە بازاڕی ئازاد، بەبێ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و چاودێریی چڕ له لایه‌ن كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكه‌وه، ناتوانێت ئازادیی ڕاستەقینە به‌رهه‌م بێنێت.
گەلانی جیهانی سێیەم پێویستیان بە مۆدێلێک هەیە کە جەخت لە بەشداری کۆمەڵایەتی و عه‌داله‌تی ئابووری و پته‌وكردنی رێكخراوه مه‌ده‌نی و جه‌ماوه‌رییه‌كان بکاتەوە. پەروەردە و چاودێری تەندروستی، نابێت ببن به كاڵایه‌ك، کە تەنها دەوڵەمەندەکان توانای کڕینییان هەبێت. سیسته‌می ئابووری، پێویستە خزمەتی خەڵک بکات، نەک قه‌ڵشی نێوان چینه‌كان به‌رفراوانتر بكات. ڕەنگە کاتی ئەوە هاتبێت کە بەدووای چارەسەرییه‌كی ڕەسەن بگه‌ڕێین كه ته‌با بێت له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ و داب‌و نه‌ریت و داواكارییه‌كانی هاونیشتیمانیان و واز له كۆپی كردنی ئه‌زموونه سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كانی خهڵكیتر بێنین.