شارەكەمان لەشفرۆشی تێدا نییە، ئەوەی هەیە بێگانەیە

کوردۆ شابان

شاری چاكەكار (Ideal city) یان یوتۆپیا، تەنیا بیرۆكەیەكی ئاسایی نەبوو ئەفڵاتوون دایهێنا، بەڵكوو ئیدی لەدوای ئەوەوە، ئایین و دەسەڵاتەكان، سیستەمی ئەخلاقی و كۆمەڵایەتییان لەسەر بونیاد نا و هەردەم خەونی یوتۆبیا و دووربوون لە دیستۆپیا، بوو بە بەشێک لە داڕشتنە ئایینی و ئەدەبیاتە كۆمەڵایەتییەكان. “المدینة المنورة” لە ئیسلامدا، لەژێر هەژموونی “المدينة الفاضلة”ـی ئەفڵاتووندا دانرا و ناوەكەی لە یەسریبەوە گۆڕا، تا لە بەرانبەردا مەككە ببێتە دیستۆپیا. لە ئەورووپا، شارەكان دەخرانە چواردەوری قەڵاوە و پاشای قەڵاكە، پێغەمبەری یوتۆپیاكە بوو. سەردەم گۆڕا تا گەیشتە ئەمڕۆ، هێشتا مرۆڤ بە چاوی یوتۆپیای خۆمان و دیستۆپیای ئەوان سەیری خۆی و ئەوی تر دەكات.

دەكرێت بڵێین، تەنانەت ئەو بیرە ئایینییەی كە ئاهورامازدا و ئەهریمەن بەردەوام لە جەنگدان، لەژێر سێبەری ئەم یوتۆپیا و دیستۆپیایەدا جێی دەبێتەوە. هەموو ئایین و سیاسەتەكان پێویستیان بە ئەهریمەنێكە بۆ ئەوەی خەڵكی خۆیانی پێ بترسێن، چونكە ئەو ترسە هۆكاری بەردەوامیی شوێنكەوتەبوونە. سێ ئایینە تازەكە گۆڕییان. لەجێی دوو خوای دژ بە یەک، خوایەكی خێرخواز كە یوتۆپیا دروست دەكات و خوایەكی شەڕخواز كە دیستۆپیا دروست دەكات، كردیان بە خوا و شەیتان. لە ناوەڕۆكدا هەر هەمان شتە، تەنیا گۆڕانكاری لە ناوەكاندا هاتووە. واتە مرۆڤی بڕوادار بەم سێ ئایینە ( جوو، كریستیان و ئیسلام) هێندەی ترسی لە خوا، لە شەیتان و وەسوەسەی شەیتانیش دەترسێت و بەردەوام ئەو ترسە خراوەتە دڵییەوە و دەبێت خۆی لێ بەدوور بگرێت. ئەم ترسە سیاسەتێكی زۆر زیرەكانەیە بۆ هێشتنەوە و بەردەوامیی ئایین.

لە ئایین بپەڕینەوە و بێین بۆ سیاسەت، دەبینین بە هەمان شێوە، بە چاوی یوتۆپیای خۆمان و دیستۆپیای ئەوان، سەركردەی فریادڕەسی خۆمان و سەركردە دڕندەكەی ئەوان، میللەت ترسێندراوە كە بەردەوام بێت لەژێر ئەو سیاسەتەدا. ڕۆمانی 1984 ڕوون و ڕەوان باسی دەسەڵاتەكانی داهاتووی كردووە چۆن ئیش لەسەر ئەمە دەكەن. بیرمان نەچێت، هەموو ئیپمراتۆڕییەت و دەسەڵاتەكانی ڕابردووش هەر بەو شێوەیە حوكمیان كردووە و جەنگی گەورەیان بەرپا كردووە. هەردەم مافدانێكی شەرعییان بە خۆیان داوە تا وڵاتی تر داگیر بكەن، بۆ ئەوەی بیخەنە ژێر یوتۆپیاكەی خۆیانەوە و لەدەست دیستۆپیای ئەوان ڕزگاری بكەن. ئێستەش جیهان وا بەڕێوە دەچێت. بۆ ئەوەی ئەمەریكا بەهێز بێت، پێویستە درۆیەک بە ناوی دیستۆپیای ڕووسیا دروست بكەن. یان دیستۆپیای چین. بۆ ئەوەی ئیسرائیل بەهێز بێت، حەماس و ئێران پێویستن. بۆ ئەوەی سوننە بەهێز بێت، شیعە پێویسە (بەپێچەوانەشەوە) بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی بەهێز بن، نەوشیروانێ، شاسوارێ، شتێ… پیویستە. كاتێک پارتی و یەكێتی دژی یەک بوون، پێویستیان بەم دیستۆپیا فەیكە نەبوو، خۆیان یوتۆپیای خۆیان و دیستۆپیای بەرانبەر بوون.

ڕاستییەكە چۆنە؟ ڕاستییەكە هەموو ئەمانە نییە، بەڵكوو زۆر بە كورتی، هەموو شارێک، هەموو وڵاتێک، یوتۆپیا و دیستۆپیایە. تەنانەت وردی بكەینەوە، هەموو مرۆڤێكیش لە ناخی خۆیدا هێزی خێرخواز و شەڕخوازی تێدایە.

یەكێک لە دیاردەكانی دروستكردنی یوتۆپیا، دروستكردنی كۆمەڵێک بەهای ئەخلاقییە بۆ خۆت و كۆمەڵێک بەهای دیكەیە بۆ ئەوی تر كە بە دیستۆپیات داناوە. تەنانەت یوتۆپیاكەی پەیامهێنیش دروستی كرد، نەیتوانی هەموو خەڵک بخاتە سەر ئەو بەها ئەخلاقییە دیزاینكراوەی ناوی لێ نراوە ئەخلاقی چاک؛ واتە نەیتوانی دزی، كوشتن، لەشفرۆشی، هاوڕەگەزخوازی، سووخواردن، بەزاندنی مافی هەتیو، بەزاندنی مافی بێوەژن… بنەبڕ بكات. لەو كاتەی پەیامهێن خۆی پاشای شارەكە بوو، لە گەڕەكی ئەودیو لەشفرۆشی دەكرا، لە بازاڕدا مامەڵەی نادروست دەكرا تا بە چاوی خۆشی بینی و گوتی ئەوەی ساختە بكات لە ئێمە نییە.

كاتێت لە شارێكدا بابەتێک دەبێتە دەنگۆ، یان كوشتنێک ڕوو دەدات، هەردەم یەكەم شت كە خەڵک و بەرپرسانی شارەكە هەوڵ دەدەن بیكەن ئەوەیە بڵێن: ئەو دیاردەیە خەڵكی هاوردە هێناویەتی، خەڵكی شاری ئێمە دوورە لە لەشفرۆشی، هاوڕەگەزخوازی، یان هەر شتێكی تر. چونكە هێشتا مێشكیان لەژێر ئەو كاریگەرییەدایە كە دەشێت شارەكەی خۆیان یوتۆپیا بێت. ڕەنگە وڵاتانی ڕۆژئاوای لێ دەربچێت، لە ناویشیاندا فڕەنسا لە پێشەنگدا، بە دەگمەن میللەتێک هەبێت لە دونیادا توانیبێتی خۆی لە یوتۆپیا و دیستۆپیا ڕزگار بكات. ئێستەش هەر ڕووداوێک لە ئەمەریكا دروست ببێت، دەیدەنە پاڵ مەكسیكی، ئایرلەندی، ئیتاڵی، عەرەب و نەتەوەی تر، ئاخر هێشتا لە مێشكی ئەواندا، گەلەكەی خۆیان لە وەهمی یوتۆپیادا دەژین.

دیاردەی لەشفرۆشی كە یەكێكە لە كۆنترین پیشەكانی مرۆڤ بۆ مەرامی بازرگانی دۆزویەتییەوە و هیچ شارێک و هیچ نەتەوەیەک نییە لێی بێبەش بێت، یان تەنانەت هاوڕەگەزخوازی كە مێژووەكەی هێندەی مێژووی مرۆڤ كۆنە، بەڵام كاتێک ڕووداوێک لەژێر ناوی ئەم پیشانە لە شارێكدا بڵاو دەبێتەوە، یەكسەر لەژێر سێبەری بەها ئەخلاقییەكان و وەهمی یوتۆپیادا، هەمووی (بە دەسەڵات و خەڵكەوە) هەوڵ دەدات خۆی لێ ڕزگار بكات. كاتێک ئەم چیرۆكی یوتۆپیایە دەهێنینەوە مێشكمان، ئینجا باشتر بۆمان دەردەكەوێت، بۆچی خەڵكی شارێک پێی وایە ئەگەر گەڕەكێكی شارەكەی بە لەشفرۆشی ناسرا، دەبێت خۆی لێ بێبەری بكات و بیداتە پاڵ خەڵكی تری جگە لە هاوشاری كە لە شارەكەیان نیشتەجێن. لە كاتێكدا ئەگەر مێشكمان لەم یوتۆپیا و دیستۆپیایە پاک بكەینەوە، زۆر ئاسایی، دەزانین وەک چۆن لە شارەكەی پەیامهێن و لە سەردەمی خۆشیدا نەیتوانی یوتۆپیا دروست بكات، لە هیچ شار و هیچ سەردەمێكی تریشدا دروست نابێت.